شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان، دەڵێت” دەرزی گەشەی منداڵان ڕێگەپێدراوە، بەڵام لە پاڵ ئەمەش پێویستە خواردنی تەندروست و خەوتن لەكاتی خۆیدا لەبیر نەكرێت.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” بەكارهێنانی دەرزی گەشە بۆ منداڵان لەڕووی زانستییەوە ڕیگەپێدراوە، بە مەرجێك لە ڕێگەی پزیشكی پسپۆڕییەوە بڕیاری لەسەر درابێت، بەڵام دوای ئەوەی پێكدالكانی كۆتایی ئێسكەكان ڕوویدا ئەوا بە هیچ شێوەیەك نەك دەرزی تەنانەت دەرمانەكانی دیكەش لەڕووی زانستی پزیشكییەوە سوودیان نابێت.
ئەم پزیشكە ئاشكراشیكرد” پێكدالكانی كۆتایی ئێسكەكان لە كچاندا تەمەنی 13 بۆ 16 ساڵی و لە كوڕەكانیشدا تەمەنی 16 بۆ 18 ساڵی ڕوودەدات، مەگەر حاڵەتێكی دەگمەن هەبێت ئەگەر نا پاش ئەمە هیچ دەرزیەك و دەرمانێك سوودیان نابێ بۆ گەشەكردن، بەڵكو دوای پێكدالكان بەكارهێنانیان زیان بە تەندروستی دەگەیەنن و تووشی كۆمەڵێك نەخۆشی دەبن.