مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی چەند بازرگانێكی ماددە هۆشبەرەكانی لە دوو چالاكی دا ڕاگەیاند كە بە شێوازێكی نوێ خەریكی گواستنەوەی ماددەكان بوونە بۆ ناو و دەرەوەی هەرێم .
لە ڕاگەیاندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی تەممووز بڵاوكراوەتەوە، هاتووە “لە دوو چالاكیدا ٣ تۆمەتبار دەستگیركران و بڕی (٤٠) كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ دەستی بەسەرداگیرا،”
ئەوەش خراوەتە كە دەست بەسەر ١٩ پەرتووكی ڕووپۆش كراوە بە ماددەی هۆشبەر لە جۆری (ئەمڤیتامین)كریستاڵ داگیراوە.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان ڕوونكردنەوەی زیاتر دەخاتە ڕوو و دەڵێ “لە بەردەوامی هەوڵەكانمان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، دوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری و پاشان وەرگرتنی فەرمانی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، لە چالاكی یەكەمدا لە بەرواری (٢ی٦ی٢٠٢٤) توانیمان دەست بەسەر ١٩ مەلزەمە لە شێوەی پەرتووكدا بگرین كە ڕووپۆش كرابوون بە ماددەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵ (میتاڤیتامین) كە ئامادە كرابوون بۆ وڵاتی بەریتانیا بگوازرێنەوە، هەر ئەو كات بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاساییش بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەكانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی لە تۆمەتبار و سەرچاوەی هاتنی ئەو پەرتووكانە ئاگادار كرایەوە بۆ مەبەستی دەستگیركردنیان چونكە زانیاری هەبوو بڕێكی تریش پەرتووك ئامادەكراون بۆ گواستنەوەیان.
لە چالاكی دووەمدا لە ڕێكەوتی ٢٣ی٧ی٢٠٢٤ تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان لە شاری هەولێر، توانییان ٣ تۆمەتبار بە بڕی (٤٠) كیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵەوە دەستگیر بكەن.
لە ئێستادا تۆمەتبارەكان بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان ڕاگیراون و لەژێر لێكۆڵینەوەدان.
پێشتریش چەندین بازرگانان لە عێراق دەستگیركران كە لە نێو پەیكەری كەسایەتی ئایینی ماددەی هۆشبەرییان گواستبووە بۆ شارەكانی عێراق.