” بەهۆى نەبوونى باڵەخانەو مامۆستاى پێویست، ناتوانین بەشى شانۆ بکەینەوە”
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
پەیمانگەى هونەرە جوانەکانى ڕواندز، ئەمساڵ تواناى وەرگرتنى ٣٥ قوتابى هەیە، بۆ بەشى میوزیک و شێوەکارى.
دانا مستەفا، بەڕێوەبەرى پەیمانگەى هونەرە جوانەکانى ڕواندز، بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند:” بۆ ساڵى نوێى خوێندنى ٢٠٢٤-٢٠٢٥، تواناى وەرگرتنى ٤٠ قوتابییمان هەیە، لەوانە ٢٥ قوتابى بۆ بەشى شێوەکارى و ١٥ بۆ بەشى میوزیک، وە دەبێت قوتابى دەرچووى نۆیەمى بنەڕەتى بێت، هەروەها لە دایکبووى ساڵى ٢٠٠٤ وەردەگیرێن”.
گووتیشى ” وەرگرتنى قوتابى بۆ خانەوادەى شەهیدان، بەبێ کێبڕکێ دەبێت، دابەشکردنى فۆڕمیش لە ڕۆژانى یەکشەممە و چوارشەممە بەردەوامە، بۆ ئەو قوتابییانەى دەیانەوێت داواکارى پێشکەش بکەن، بەڵام دەبێت دەرچووى یەکێک لە قوتابخانەکانى سنوورى ئیدارەى سۆران بێت”.
بەڕێوەبەرى پەیمانگەى هونەرە جوانەکانى ڕواندز، ئاشکراشى کرد، بەهۆى نەبوونى باڵەخانەیەکى گونجاو و مامۆستاى پێویست، ئەمساڵیش ناتوانین بەشى شانۆ لە پەیمانگە بکەینەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، بەشێکى زۆرى دەرچووانى پەیمانگەى هونەرە جوانەکان، دەرفەتى هەلى کاریان بۆ ڕەخساوە، چ لە کەرتى تایبەت یان کەرتى گشتیى.