زاری كرمانجی-قەسرێ
بەشێك لە دوكانداران و دانیشتووانی ناحیەی قەسرێ سەربە قەزای چۆمان، گلەیی لەوە دەكەن كە گوایە كارەبای نیشتیمانیان لەسەر بڕدراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێش هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.
عەبدوڵڕەحمان ڕەسول، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ سەربە قەزای چۆمان، بە زاری كرمانجی گووت: ” لە سنووری قەزای چۆمان قەسرێ تاكە ناحیەیە كە پێوەری زیرەكی كارەبایی دانراوە، دیارە بەپێی سیستەمەكەش هەركەس چەند مانگانێك پارەی كارەبا نەدات دوای ئاگادار كردنەوەیان، كارەباكەیان دەبڕدرێت و داوایان لێ دەكرێت، پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی یان فەرمانگەی كارەباوە بكەن، بۆ ئەوەی چارەسەریەیان بۆ بكرێت، نەك تەنها لە ناحیەی قەسرێ لە قەزای ناوەندی سۆرانیش بە هەمانشێوە ئەگەر خەڵكی پارەی كارەبا نەدات لەسەریان دەبڕدرێت”.
گووتیشی: ” هەرچەندە ئێمە لەگەڵ بڕینی كارەبای هیچ هاونیشتیمانییەك نین، بەڵام دیارە ئەم پرسە زیاتر پەیوەندی سیستەمی پێوەری زیرەك و بەڕێوەبەرایەتی كارەباوە هەیە، بەپێی زانیارییەكان دیارە ئەو كەسانەی كارەبای نیشتیمانیان بڕدراوە پارەیەكی زۆری قەرزیان لەسەر كۆبووەتەوە، تەنانەت كارەبای یاریگەی وەرزشی ناحیەكەشمان بڕدراوە”.