موڕشید برادۆستی – سۆران:
بەشێک لە هاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سۆران، پارەیەکی زۆری کارەبایان لەسەر کۆبووەتەوە کە بە قسەی خۆیان لە ماوەی تەنیا مانگێکدا پارەکە بەو شێوەیە زیادی کردووە و دەڵێن:” بەهەڵە ئەو بڕە پارە زۆرەمان لەسەر هەژمار کراوە و توانای دانەوەمان نییە و پێویستە حکومەت ڕێگە چارەیەکمان بۆ بکات.
بەپێی زانیارییەکانی زاری کرمانجی، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نزیکەی 80 هەزار هاوبەشی کارەبا بوونی هەیە و بەسەر جۆری ماڵان، بازرگانی، کشتوکاڵی، پیشەسازی، میری دابەش بوونە، بە سەرجەم هاوبەشانی دەڤەرەکە 90 ملیار دینار قەرزی کارەبایان لەسەرە و هێشتا نەیانگەڕاندووەتەوە، 19 هەزار هاوبەشی ماڵان سەرووی ملیۆنێک دینار قەرزی کارەبایان لەسەرە و زیاتر لە 200 هاوبەشیش سەرووی 10 ملیۆن دینار قەرزی کارەبایان لایە .
محەممەد باقی بەرپرسی بەشی فرۆشتنی وزەی کارەبا لە ئیدارەی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” ئەو بڕە پارەی بۆ هاوبەشانی کارەبا گەڕاوەتەوە بووەتە قەرز و لە یەک ملیۆن تا نزیک 118 ملیۆن دینار لەسەریان کەلەکە بووە، چەند جۆرێکن لەوانە هاوبەش هەیە پارەی کارەبای ماوەی چەند ساڵێکە نەیداوە و قەرزی لەسەر کۆبووەتەوە ئەوا پێویستە ئەو قەرزە بگەڕێنێتەوە هەتا ئەگەر چەندین ملیۆن دیناریش بێت .
بەرپرسی بەشی فرۆشتنی وزەی کارەبا لە ئیدارەی سۆران دەڵێت:” هاوبەشیش هەیە لە پسوولەی کارەبا هەڵە کراوە، ئەوجا هەڵە چەند جۆرێکن لەوانە بەهۆی دەستکاری کردنی پێوەر کە هاووڵاتی خۆی هۆکار بووە بە جۆرێک ئەگەر دەستکاری پێوەر بکرێت و بۆ نموونە تەنیا 5 هەزار ” یەکە (وەحدە)” لە خوێندنەوەی پێوەر کەمتر بکرێتەوە ئەوا لە سیستەم ڕاستەوخۆ خوێندنەوەی پێوەر بە شێوەیەک بۆی هەژمار دەکرێت کە دەورەکەی تەواو کردووە و 95 هەزار وەحدەی بۆ دیاری دەکرێت و پارەی کارەبا لە ماوە یەک مانگدا نزیکەی 18 ملیۆن دیناری بۆ دەگەڕێتەوە .
دووپاتی کردەوە:” هەڵەی دیکە لەلایەن کۆمپیوتەر ژمارەیەک زیاد یان کەم داخڵ کراوە بەو هۆیەوە پارەیەکی زیاتریان بۆ گەڕاوەتەوە بە هەمان شێوە سیستەم قبووڵی هەڵە ناکات و پارەی هەڵەش دەگەڕێتەوە، بە هەمان شێوەش زۆر جار ژمێرکاری کۆکردنەوەی پارە و نووسینی خوێندنەوەی پێوەر هەڵەی کردووە و ژمارەیەکی زیاد داخڵ کردووە بەو هۆیەوە پارەی زیاتری بۆ گەڕاوەتەوە .
محەممەد باقی بەرپرسی بەشی فرۆشتنی وزەی کارەبا لە ئیدارەی سۆران، گووتیشی” هەر هاوبەشێکی کارەبا لە کاتی گەڕانەوەی وەسڵی کارەبا ئەگەر هاتوو گومانی لە پارەکەی هەبوو، پێویستە بە زووترین کات سەردانی بەشی فرۆشتنی وزەی کارەبا بکات و دڵنیا بکاتەوە لە ڕاست و دروستی پارەکە، لیژنەیەکمان هەیە بۆ ڕاست کردنەوەی پارەی هەڵە، ئەو لیژنەیە بەدواداچوون دەکات کەشفی مەیدانی بۆ شوێنەکە دەکات، خوێندنەوەی پێوەری دەردەهێنێتەوە کە پێشتر تۆمار کراوە و بەراوردی کۆمپیوتەری پێ دەکرێت تا دۆزینەوەی جۆری هەڵەکەی، کە جۆری هەڵەکە دیاری کرا ئەگەر هاتوو هاوبەش سەرپێچی کردبوو ئەوا بەپێی ڕێنمایییەکانی حکومەت سزای خۆی دەدات و هەڵەکەی بۆ ڕاست دەکرێتەوە، ئەگەر هاتوو هەڵەی گەڕانەوەی پارەی زۆر هۆکارەکە فەرمانبەری ئێمە بوو لە کۆمپیوتەر یان ژمێرکار ئەوا دەچێتە لیژنەی لێکۆڵینەوە و سزای یاسایی وەردەگرن .
ڕوونی کردەوە:” بە شێوەیەکی گشتی هەر هەڵەیەکی ئەوها تۆمار کرابێت پێش بەستنی پێوەری زیرەکە، دوای بەستنی پێوەری زیرەک توانرا هەموو سەرپێچییەک و کێشە و گرفتەکان ئاشکرا بکرێت و هەوڵی چارەسەر کردنییان بۆ بدرێت، وە هەر هەڵەیەکی کارەبا تا پێنج ملیۆن دینار بێت ئەوا دەسەڵاتی ئێمەیە و دەتوانین ڕاستی بکەینەوە، بەپێچەوانەوە سەرووی ئەو بڕە پارەیە دەبێت سەردانی وەزارەتی کارەبا بکرێت و خودی وەزیر ڕاستی بکاتەوە، ئەو هاوبەشانەی سەرووی 10 ملیۆن دینار قەرزی کارەبایان لەسەرە زیاتر لە 200 هاووڵاتیین، هێشتا مامەڵەکانیان تەواو نەکراوە و نووسراوی ڕاست کردنەوەیان بۆ کراوە، لە ماوەی ڕابردووشدا بەشێکیشیان ڕاست کردنەوەیان بۆ کراوە و گرفتەکەیان چارەسەر کراوە”.