” پەنا بردن بۆ دەرمانی خەوهێنەر مەترسی بۆ ژیانی بەكار هێنەرانی دروست دەكات”
” بێخەوی هۆكاری تووشبوونە بە نەخۆشییەكانی درێژخایەنە و رێژەی مردن زیاد دەكات”
شەهلا ڕەشید- سۆران:
خەو زڕان یا بە خەو لێنەكەوتن لە نێو جێگا ئێستا خەریكە دەبێتە دیاردە و بەشێكی زۆری مرۆڤەكان بەم كێشەیەوە دەناڵێنن بۆیە پەنا بۆ خواردنی حەب و دەرمانەكانی دیكە خەوهێنەر دەبەن، پزیشكێكی دەرمانسازین دەڵێت ” دەرمان تەنها بۆ ماوەیەكی دیاریكراو یارمەتیدەرە و بەكارهێنانی بۆ ماوەی درێژخایەن كاریگەرییە نەخوازراوە لاوەكییەكان و تەندروستی دەخاتە مەترسییەوە”.
هەڵگرێكی بڕوانامەی ماستەر لە زانستی دەرمانسازی، دەڵێت” لە بابەتە زانستییەكاندا خەوزڕان (Insomnia) پێناسە دەكرێت بەوەی كەسێك بە سەختی دەتوانێت بخەوێت یانیش ناتوانێت بۆ ماوەی سرۆشتی لە خەوتن بەردەوام بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی تێكچوون و پەكخستنی ژیانی ڕۆژانەی، هەروەها 30% خەڵكی جیهان نیشانەی خەوزڕانیان هەیە”.
د. یوسف دۆسكی، هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زانستی دەرمانسازی، لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی گووت” بێخەوی كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دروست دەكات، توێژینەوەكان دەریانخستووە، كەمبوونەوەی ماوەی خەوتن بەتایبەتی لە حاڵەتی نەخۆشی درێژخایەن دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی و تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دەروونی، دەمارە خوێنهێنەرەكان و وەستانی دڵ، بەرز كردنەوەی شەكرەی جۆری دووەم، قەڵەوی و بەرزە پەستانی خوێن، هەموو ئەوانەی كە ئاماژەمان پێكردن هۆكاری بەرزبوونەوەی مردنن”.
ئەم پیزیشكەی دەرمازە زیاتر لە بارەی مەترسییەكانی نەخوتن دواو ئاماژەی بە ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی توێژەران كرد و گووتی ” بێخەوی فاكتەرێكی مەترسیدارە بۆ ئەنجامدانی خۆكوژی، بەرزبوونەوەی تێچوونی تەندروستی بۆ تاكەكان و دابەزینی كوالێتی ژیان، لە بواری زانستی پزیشكیدا دوو ڕێگا هەن بۆ چارەسەری نەخۆشی بێخەوی، یەكەمیان ڕاوێژكاری دەروونییە، واتە ئەگەر خەوزڕانەكە چارەسەر نەبوو ئینجا پەنا دەبردرێتە بەر ڕێگای دووەم ئەویش دەرمانە”.
د. یوسف جەمیل زیاتر روونیكردەوە” بە درێژای مێژوو بەكارهێنانی دەرمان بۆ خەوزران بەكارهاتووە، بەڵام دواتر كاریگەرییە زیانبەخشەكان بۆ پزیشكەكان بەدیار كەوتن، دەروونناسەكان شێوازێكی نوێی چارەسەریان بەناوی (Cognitive behavioral therapy for insomnia (CBT-I)) وەكۆ یەكەم هێل بۆ چارەخوازانی نەخۆشی بێخەوی پێشنیاریان كردوو و تێیدا سەركەوتووبوون، دەروونزانەكان سەرەتا دەبێ بیركردنەوە نادروست و شێوێنراوەكانی نەخۆش بناسن، كە دەبنە هۆی شڵەژاوی دەروونی و دەرەنجامی بێخەوی، لە كۆرسێكی پێنج هەفتەیدا، پزیشك بۆ هێوربوونەوەی چارەخواز ڕاهێنانی جیاواز دەخاتە بەرنامەكەی، پێكهاتە و داڕشتەی هزر دووبارە بنیات دەنێتەوە، دواجار شێوازی ستانداردی خەوی تەندروست دەخاتە خشتەی پەروەردەیی تووشبووەكە، ئەم جۆرە چارەسەرییەش لە زۆر توێژینەوە مەیدانییەكانی پزیشكیدا سەلمێندرا و پەسەندكراوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد” ڕاسپاردەكانی زۆربەی كتێب و ڕێنماییەكانی دەرمانزانی (Pharmacology) بۆ چارەسەری نەخۆشی خەوزڕان، ئاماژە بەمە دەكەن نەخۆش بۆ ماوەی زیاتر لە چوار هەفتە دەرمانی خەوێنەر بەكار نەهێنێت، هەروەها دەرمانەكانی گرۆپی باربیچورێیت لەبەر سێ هۆكار زۆر بە دەگمەن بەكاردەهێنڕێن، یەكەمیان زۆری كاریگەرییە لاوەكییە زیانبەخشەكان كە مەترسی لەسەر تەندروست نەخۆش دروست دەكەن، دووەمیان خراپ بەكارهێنانی ئەم دەرمانانەیە بۆ مەرامی تاوان و دوور لە ڕۆڵی پزیشكییانە، هەروەها دەشێ ببێتە گیرۆدەی بەكارهێنەرەكانیان، هۆكاری سێیەمیشی كارلێكردنی ئەم درەمانانەیە لەگەڵ كوحول و دەرمانە هێوركەرەكانی كۆئەندامی دەماری ناوەندی، كاتێ نەخۆش پێكەوە بەكاریان دەهێنێت هۆی كاریگەرییە لاوەكییە زیانبەخشەكانی وەك ناڕێكی جوڵە بەهۆی تێكچوونی ماسولكەكان، سەرگێژخواردن، بێتاقەتی، داهێزران، دۆخی خەواڵوویی لە ڕۆژدا، هەناسەبڕی كاتی، ناڕوونی لە بیناییدا”.
د. یوسف دۆسكی، ڕاشیگەیاند” بەكارهێنانی دەرمان بۆ چارەسەری بێخەوی لە قۆناغی دووەم دایە، سەرەتا پێویستە نەخۆش ڕاوێژی دەروونی وەربگرێت، پێویستە پزیشكی دەروونزان نەخۆش بەرەو ئاراستەی ئارامی دەروونی ببات، لە زۆربەی حاڵەتەكانیشدا بۆ دامركاندنی كاریگەرییە نەرێنییەكانی كەم خەوی، هەر دوو شێوازی ڕاوێژكاری دەروونی و بەكارهێنانی دەرمان بۆ چارەسەر بەكاردەهێندرێن، ڕاستە كە بەكارهێنانی دەرمان چۆنییەتی و چەندایەتی خەو باشتر دەكات، بەڵام لە هەمان كاتیشدا دەبێ هۆكارەكانی پشتەوەی بێخەوی و وڕوژانە دەروونییەكان بناسڕێن و دیاری بكرێن، دەرمان تەنها بۆ ماوەیەكی دیاریكراو یارمەتیدەرە و بەكارهێنانی بۆ ماوەی درێژخایەن كاریگەرییە نەخوازراوە لاوەكییەكان و تەندروستی دەخاتە مەترسییەوە”.