زاری كرمانجی – سۆران:
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، واژۆی لەسەر هەمواری ڕێنمایی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێمن میرانی، سەرۆكی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ واژۆی لەسەر هەمواری ڕێنمایی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كرد.
بە پێی هەمواری نوێ، وەكوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “ئەو ئەفسەرانەی لە پلەی عەقیدن و ئامادەكاری دەكەن بۆ بەرزبوونەوەی پلەكانیان بۆ عەمید، لە كاتی فەراهامبوونی مەرجە یاساییەكان، دەكرێت لە پایەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی یان بەڕێوەبەری بەش بن لە دامەزراوەكانی وەزارەتی ناوخۆ. بەم جۆرە داواكاری سەدان عەقید كە بە یاداشتی جۆراوجۆر گەیشتبووە جەنابی وەزیر، جێبەجێ دەبێت”.
سەرۆكی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێت، “ئەم جۆرە لە حووكمڕانی پێی دەگوترێت ‘حكوومەتی وەڵامدەرەوە’، كاتێك هاووڵاتییان لە هەر چین و توێژێك داواكارییەكی ڕەوایان هەبێت و پێشكەشی بكەن، لەم جۆرە حووكمڕانییە داواكارییەكە بە وردی خوێندنەوەی بۆ دەكرێت و وەڵام دەدرێتەوە”.