هەر خێزانێک نەخۆشی وای هەیە سەردانی پلادانانی پەروەردەی قەزاکان بکات
محەممەد مەحموود- سۆران :
لە هەنگاوێکی تازەدا لە ئیدارەی سۆران قوتابخانەیەکی تایبەت بۆ تووشبوانی نەخۆشی مەنگۆل دەکرێتەوە.
رزگار گوانی، یەکێک لەو کەسانەی سەرپەرشتی ئەو کارە دەکات بە زاری کرمانجی راگەیاند” لەسەر ڕاسپاردەی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران دەستمان کردووە بە کردنەوەی قوتابخانەیەک، کەوا تایبەت بێت بە نەخۆشانی مەنگۆل لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ، بۆیە داواکارین لە خێزانی ئەو نەخۆشانە سەردانی بەشی پلاندانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکانی ، سۆران، رواندز، مێرگەسۆر، چۆمان، بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی ناوەکانیان، بۆ ئەوەی بزاندرێت لە سنووری هەر پەروەردەیەک چەند تووشبووی ئەو نەخۆشییە هەیەو پێویست دەکات لە هەر پەروەردەیەک قوتابخانەی تایبەتیان بۆ بکرێتەوە”.
رزگار گوانی، گوتیشی” بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران مامۆستای تایبەت بۆ ئەو قوتابخانەیە دابین دەکرێن بۆ ئەوەی منداڵی تووشبو بە مەنگوڵ بە پڕۆگرامی تایبەت رابهێندرێن، ئەمەش دەبێتە کارئاسانییەکی زۆر بۆ ئەو خێزانانەی تووشبوی مەنگۆلیان هەیە .
لای خۆیەوە زیرەک قادر، بەرپرسی بەشی خاوەن پێداویستی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ١٠١ تووشبووی مەنگۆل لای ئێمە تۆمار کراون و مووچە وەردەگرن، جگەلەوەش ١٠٨ توشبووی تریش مامەڵەیان تەواوبووە بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ ببڕدرێتەوە کۆی گشتی ئەوانەی تووشبوی مەنگۆلن ٢٠٩ نەخۆشن.