هاوبەشانی كارەبا لە ئیدارەی سۆران 78 ملیار دینار قەرزدارن
موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زیاتر لە 84 هەزار هاوبەشی كارەبا هەیە كە بەسەر جۆرەكانی” ماڵان، میری، بازرگانی، كشتووكاڵی و پیشەیازی” دابەش بوونە، بڕە پارەیەكی زۆری كارەبا قەرز دارن .
ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سۆران، ئاشكراشی كرد:” هاوبەشان نزیكەی 78 ملیار دینار قەرزی كارەبایان لەسەر كۆبۆتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش راچاوی دۆخی هاووڵاتییانی كردووە و دەتوانن بە چەند قستێك پارەی كارەبا بدەنە بەشی فرۆشیاری یا ژمێركاری كارەبا.
دووپاتی كردەوە، هەر بەمەبەستی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داشكاندنی بۆ پارەی كەلەكەبووی قەرزی كارەبا كردووە، بەپێی رێنماییەكانی وەزارەت كۆتا وادە كۆتای ئەم مانگە واتە 31-7-2024 دیاری كراوە، دوای ئەو وادەیە داشكاندنەكە نامێنێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین پابەندی گەڕانەوەی قەزرەكانیان بن تا لەم بڕیارە سودمەندبن”.