مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و بەندكراوی سیاسیی كورد، لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی “بەغی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە “پەخشان عەزیزی، بەندكراوی سیاسیی كوردی خەڵكی مەهاباد لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆكایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگای “ئەندامێتی لەو گرووپانەی كە دژ بە حكومەتی ئیسلامی شۆڕشی چەكدارانەیان كردووە و ڕێبەرییەكەیان باغییە” سزای سێدارە و بە تۆمەتی ئەندامەیەتی لە پارتێكی كوردی سزای ٤ ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندراوە.”
لە ڕاپۆرتەكەی هەنگاو هاتووە “سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی لەحاڵێكدایە كە ناوبراو ماوەی چەند مانگی سەرەتایی دەستبەسەركرانەكەی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەی بێبەش بووە و دادگاییكردنی دۆسیەكەی لە پرۆسەیەكی ناڕوون و نا دادپەروەرانەدا بەڕێوە چووە.”
ماوەیەك بەر لە ئێستا لە نامەیەكی دزەپێكراو، پەخشان عەزیزی ئاماژەی بەوە كردبوو چەندین جار ئەشكەنجە دراوە و هەڵواسراوە.
ئەو كچە ڕۆژنامەنووسە كوردە ساڵی ڕابردوو لە شارۆچكەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كرابوو.