”ئەگەر بۆ دوو هەفتە هەر قوتابییەک مامەڵەى گواستنەوە یان دابەزین تەواو نەکات، خوێندنى ئەمساڵى دوادەخرێت”
زارى کرمانجى-سۆران:
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی ژمارە پێنجی ساڵی 2024ـی ڕێنماییەکانی گواستنەوە و دابەزینی قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 بڵاوکردەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ”پرۆسەی گواستنەوە و دابەزین بۆ ئەو قوتابیانەی کە پێش ساڵی خوێندنی 2024-2025 لە زانکۆ وەرگیراون لە 2024-07-15 دەست پێدەکات و لە 2024-08-31 کۆتایی دێت، مەرجە دەرچوونی فەرمانی زانکۆیی تایبەت بە گواستنەوە یان دابەزین له 2024-09-16 تێپەڕ نەکات”.
ئاماژەى بەوەشکردووە،ئەگەر بە هەر هۆکارێک دوای تێپەڕپوونی دوو هەفتە بەسەر دەستپێکردنی خوێندن لە هەر قۆناغێک مامەڵەی گواستنەوە یان دابەزین تەواو نەکرابێت ئەوا خوێندنی قوتابی بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 دوادەخرێت.
وەزارەتى خوێندنى باڵاى حکومەتى هەرێم پێشتر ئەوەى راگەیاندبوو: ”ئەو قوتابیانەی بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024، لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون و نەیانتوانیوە پەیوەندی بە کۆلێژ و پەیمانگاکەیان بکەن، مافی گەڕانەوەیان بۆ هەمان شوێنی پێشوویان دەبێت”.