مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیانداروێكدا هۆشداری بە تیكتۆكچییەكان دەدات كە خۆیان دوور بگرن لە قسەی نەشیاو و تێكدانی ئادابی كۆمەڵایەتی، دەشڵێت بەڵێننامە و پەنجەمۆرییان بە چەندین كەسی دیاری ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕ كردووەتەوە و ئەگەر پابەندی ئەو خاڵانە نەبن كە بۆیان دیاركراوە، سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكرێت و ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە .
موقەدەم ئەردەڵان، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند “كەسانێكی دیاری ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەن لە لایڤەكانیان قسەی نەشیاویان دەكرد و ئادابی كۆمەڵایەتییان دەشێواند، بۆیە ئاگادار كراونەتەوە و بەڵێننامە و پەنجەمۆرییان لێ وەرگیراوە، كە ئەو جۆرە كارانە دووبارە نەكەنەوە،”
دەشڵێت “ئەگەر پابەند نەبن لە ڕێگەی داواكاری گشتییەوە سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكرێت و سزا دەدرێن.”
گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر ڕوونیشی كردەوە هەر كەسێك لەلایەن كەسایەتییەكانی سۆشیاڵ میدیا سووكایەتییان پێكرا، دەتوانن سكاڵای لە دژی تۆمار بكەن، ئەو كات ئاسایش بێ گوێدانە ناوبانگ لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكات .
































































