بەڕێوەبەرى گەشتوگوزارى سۆران: خولەکە دەبێتە هۆى بەستنەوەى کەرتى گەشتیاریى لەگەڵ بازاڕى کار
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوێکى نێودەوڵەتى خولێکى ڕاهێنان بۆ کارە دەستییەکان لە بوارى گەشتوگوزار لە ئیدارەى سۆران دەکاتەوە.
فەیسەل سادق، بەڕێوەبەرى گشتیى گەشتوگوزراى سۆران لەمبارەیەوە بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ”دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سۆران بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوى (UNDP) و پاڵپشتى دارایی ڕێكخراوی ( USAID )، خولێکى راهێنان بۆ کارە دەستییەکان لە بواری بەرهەمە گەشتیارییەکان دەکاتەوە”.
زیاتر گووتی: ”خولەکە تەنیا بۆ ئەو گەنجانەیە، کە بەهرەی کاری دەستیان هەیە، یان دەرچووی بەشی گەشتوگوزارو هونەرە جوانەکانى سنوورى ئیدارەى سۆرانن و دیانەوێت کارێک دەست پێبکەن و ببنە خاوەن کاری تایبەت لەم بوارە”.
ئاماژەى بەوەشکرد، مەبەست لەم خولە پاڵپشتیکردنی گەنجانی ناوچەکەیە، بۆ بوون بە کارسازو گەیشتن بە سەربەخۆیی دارایی و هەروەها بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزارو بەرهەمی ناوەخۆ، هەروەها ڕەخساندنى هەلى کارە بۆ گەنجانى خاوەن بەهرەو توانا شاراوەکان لە بوارى کارى دەستى، کە کاریگەرى ئەرێنى لەسەر فراوانکردن و هەمەچەشن کردنى کەرتى گەشتیاریى هەیە”.
بەڕێوەبەرى گشتیى گەشتوگوزراى سۆران، باسى لەوەشکرد، ئەم جۆرە خولانە دەبنە هۆکارێک بۆ بەستنەوەى کەرتى گەشتیاریى لەگەڵ بازاڕى کار، بۆ ئەوەى بتوانین بەرهەمەکانى کارى دەستى لەو ناوچەیە بناسێنین، چونکە ئیدارەى سۆران ناوچەی گەشتیاریى زۆرى هەیە.
هەروەها ئەوەشى ئاشکرا کرد، خولەکە بۆ ماوەى یەک هەفتە بەردەوام دەبێت و دواى کۆتایى هاتن، ستاندى تایبەت بێ بەرامبەر بۆ ئەو خاوەن کارانە لە شوێنە گەشتیارییەکان دادەنێین، بۆ ئەوەى بتوانن بەرهەمەکانیان بە بازاڕ بکەن.