بە سەرۆكایەتی مسرور بارزانی كار لەسەر ریشەكێشكردنی (گەندەڵی) ڤایرۆسە كوشندەكەی پێشكەوتن كراوە
هەژار حەكیم / ب. راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران:
نووسینی زنجیرە وتارێك، بۆ دەزگای میدیایی زاری كرمانجی، بە پێی پرەنسیپ و ئەخلاقی كاری راگەیاندن، باسكردنە لە وێنای راستەقینەی پرۆسەی خزمەت لە كابینەی نۆیەمدا، كە ئامانج لێی گەیاندنی حەقبێژیی سێ ساڵەی كاركردنمانە لە راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ ئەوەی هەر جارە و باس لە دەستكەوت و كارە ستراتیجیەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە سێكتەرە جیاوازەكان بكەین، كە وەك یەك تیم لە كابینەی نۆیەم پێشكەش بە هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە كراوە.
لەگەڵ دروستبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە دیاریكردنی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەكە بە سەرۆكایەتی بەڕێز مسرور بارزانی بە ووردی فۆكس خرایە سەر جێبەجێكردنی بەرنامەی كار و بە تایبەت ریشەكێشكردنی پەتای ئیداریی و كارگێڕییەكان لە نێو دامودەزگاكانی حكومەتدا؛ (گەندەڵی) ڤایرۆسە كوشندەكەی پێشكەوتن، كە ئامانجی سەرەكی سەرۆكی حكومەت بووە كە چارەسەركردنیی و دانانی بنەمای دروستبوونی دەوڵەتداریی و حكومەتێكی بەهێز و خۆڕاگر، كە وێڕای دروستكردنی دەیان كۆسپ بۆ بەردەم كارەكانی، لێ كاروانی پێشڤەچوونەكانی بەهێزتر بوون.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەكێكە لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆ، كە لە یەكەم رۆژی راگەیاندنیدا، كارئاسانییەكی زۆری بۆ هاوڵاتییان رەخساند، لە راییكردنی مامەڵە ئیداریی و كارگێڕییەكان؛ دەكرێ ئەم گۆڕانكارییە خێرایانەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروستیكرد ناوبنێن بە شۆڕشی خزمەت، كە پێویستیەكی گرنگ و شایانی دانیشتوانی قوربانیدەری ئەم دەڤەرە بێت.
پاڵپشتیەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەكە(هەڵگورد شێخ نەجیب) وەرچەرخانێكی مێژوویی بوونە لە ماوەی تەمەنی ئیدارەكەدا، سەرباری بەجێگەیاندنی ئەركەكانی ئیداریی، پێویست بووە بەدەنگ ئازار و كێشەكانی هاوڵاتیانەوە بچێت و چارەسەریی گرفتی دایكە شەهید و منداڵانی شەهید و دەستكورت و پەككەوتەكانیش بكات.
لەپێشترین بەرنامەی كاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بواری رێگاوبان بووە بۆ كردنەوەی دەرچەی زیاتر و رێڕەوی نوێ و بەستنەوەی سۆران بە شار و شارۆچكەكانی تر، بە تایبەت كردنەوەی رێكانی گوندەكان و قیرتاوكردنی رێگا سەرەكی و لاوەكییەكان، كە دەیان ساڵە كێشەی سەرەكی سۆران بووە، بۆ نموونە: تەنها لە ساڵی 2022 لە سەدا (52)ی پڕۆژەكانی رێگاوبان بوونە، لەو رێژەیەش 20 ملیار دینار بۆ رێگا سەرەكییەكانی گوندەكان تەرخانكراوە، هەروەها بە رێژەی (857294)مەتردووجا لە ساڵی 2023 لە هەر شەش قەزاكانی سنووری ئیدارەی سۆران شەقامەكان قیرتاو كراون و (262787)مەتردووجا كۆنكریت كراوە، گرنگتر لەوەش ئەم دەستپێكە هەلی كاری بۆ سەدان هاوڵاتی رەخساند، ئەمە جگە لەوەش ئەو رێژانە لە بەرزبوونەوەدان كە لە ئێٍستادا كاركردن لە بواری رێگەوبان لە بەردەوامیدایە و لە كۆتایی ئەمساڵ رێژەكەیان بڵاو دەكرێتەوە.
بڕیاری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بۆ دابەشكردنی بودجەی پڕۆژەكان، بە شێوەیەكی یەكسان بە پێی پێوەری رێژەی دانشتوان و پێویستی بووە، هەروەك دادپەروەری ئامانجی لە پێشینەی كار و پلانەكانی كابینەی نۆیەمە. بەشێكی پڕۆژەكان پێش هاتنی قەیرانی دارایی لە 2014 وەستابوون، و لەم كابینەیەدا ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستی بە تەواوكردنیان كرد، بە ناوی پڕۆژەكانی تەواوكاری، بەشێكیشیان پڕۆژەی نوێ بوون، كە لەرووی قەبارەشەوە پڕۆژەكانی (ستراتیجی، مامناوەند و بچوك)ن. لە گرنگترین پڕۆژەكانی ستراتیجی رێگەوبان( پڕۆژەی دووسایدی سپیلك – خەلیفان)ە كە ڕێڕەوی هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی خێرا و ئاسانتر كردووە، كە تێچووەكەی زیاتر لە (80)ملیار دینارە و بە پێی دیزانێكی سەردەمیانە و ستانداردی نێودەڵەتی لە قۆناغی كۆتاییە.
پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بواری رێگەوبان دەیان كۆسپ و كێشەی بۆ دروستبوو بە هۆی زێدەڕۆییەوە، بۆیە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران لە قەزای ناوەندی سۆران (رەجەب زوبێر)ی وەك سەرۆكی لیژنەی لابردنی زێدەڕیی دیاریكرد و لەو ماوەیەشدا ئەركێكی قورسیان هەبووە لە قەرەبووكردنەوە و لابردنی زێدەڕییەكان و بەردەوامیدان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان. بۆ ئەم مەبەستە دەیان كۆبوونەوە بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەرەبخۆی سۆران و بە ئامادەبوونی هەریەكە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەكان، شارەوانی سۆران، تۆماری خانووبەرە، نەخشە و پلان، رێگاوبان و تیمی ئەندازەی ئیدارە، قایمقامەكانی قەزای ناوەند، مێرگەسۆر، سیدەكان، چۆمان، رواندوز و خەلیفان بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێكی یاسایی و چارەسەركردن و لابردنی بەربەستەكان، زێدەباری ئەوەی بەربەستی دەرەكیش هەبوونە كە نەیاران وای دەبینن بە قیرتاوكردنی شەقامێك بەرژەوەندییەكان لە مەترسیدایە و تەگەرە بۆ ناردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم كراوە.
باشتركردنی ڕیگەوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پێشخستنی سیستەمی هاتووچۆ و هێلكاریكردنی شەقامەكان كە پێشتر لە رێگەوبانی ئەم سنوورە ساڵانە هۆكاری زیانی گیانی و مالیی هاوڵاتیانمان بوون و بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا لە ستانداردە نێودەوڵەتییەكان نزیك بوونەتەوە.
كاركردنی لە پڕۆژەكانی شەقانی 40 مەتری، ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران، دووسایدی بەردەم زانكۆ – ئیدارەی سۆران، هەروەها تەواوكردنی دووسایدی سۆران رواندز، دووسایدی زانكۆ – بادلیان، تەواوكردنی دووسایدی حاجی چۆمەران – چۆمان لە بەرنامە و پڕۆژەی دیكەی بواری رێگەوبان دەبن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.