زارى كرمانجى-سۆران
لەکارێکی هاوبەش و زانستیی نوێی دوو توێژەری کوردستان د. موحەممەد گەڵاڵەیی مامۆستا لە بەشی مێژووی زانکۆی سۆران و پارێزەر طارق جامباز, دەستنووسێکی مێژوویی پڕ لە زانیاریی نوێیان ساغکردۆتەوە, کە تەمەنەکەی بۆ نزیکەی ٩٧ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەری زاری کرمانجی د. موحەممەد گەڵاڵەیی ئاماژەی بە کۆمەڵێک زانیارییەوە لە بارەی کتێبیی داهاتووی هاوبەشیانەوە کرد و ووتی: ئەم دەستنووسە لە نووسینی سەرۆکی زانایانی ئەو کاتی ناوچەی ڕواندز (مامۆستا مەلا ئەسعەدی خەیلانی)یە, کە لە کۆتاییەکانی زستانی ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی وەردەی ناوچەی باڵەکایەتی لە نووسینی بۆتەوە. شایانی باسە؛ ئەم دەستنووسە بە زمانی کوردی و بەڕێنووسی ئەوکات نووسراوە و هەڵگیراوە کە لە دووتوێی (٩٢) لاپەڕە پێکهاتووە, هەروەها هەمان دەستنووس بە زمانی فارسی نزیکەی (٢٠)لاپەڕەی لێی نووسراوەتەوە بەڵام بە تەواونەکراوی ماوەتەوە. بۆیە لە ساڵی ١٩٩٧ بۆ یەکەمجار مامۆستا طارق جامباز وەک لێکۆڵەر و پارێزەرێک وتارێکی ورد لە سەر ناوەڕۆکی ئەم دەستنووسە لە گۆڤاری کاروان بڵاودەکاتەوە و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٩ کۆی دەستنووسەکەی هێناوەتە سەر ڕێنووسی ئێستای کوردی و بە تایپی کۆمپیوتەر بۆ جارێکی تر نووسیوویەتەوە, ئێمەیش وەک توێژەرێک و شارەزایەکی ئەکادیمی لە مێژووی نوێی کورد و ناوچەی رواندز و میرنشینی سۆران بە هاوبەشی لەگەڵ پارێزەر گارق جامباز لە ساڵی ٢٠١٧ەوە خەریکی ئەم پڕۆژەیە زانستی و مێژووەی گەلەکەمانین, کە کارێکی وردی زانستی لە ڕووی ساغکردنەوە, پێداچوونەوە و پەڕاوێزنووسین بۆ ئەم دەستنووسە(تاریخی حوکمدارانی قەزای ڕواندز) کراوە, لە ماوەی داهاتووشدا بڵاودەبێتەوە.
لە کۆتاییدا؛ د. موحەممەد گەڵاڵەیی, دوایین زانیاری لە بارەی کتێبەکەیان خستەڕوو, کە بەمزووانە لە دووتوێی ٤٥٠ لاپەڕە لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بە چاپێکی جوان و ناوازە بڵاودەبێتەوە و دەکەوێتە بەردیدەی خوێنەران و نێو کتێبخانەکانی کوردستان, عێراق و وڵاتانی جیهان.