” بەشێكی تیرۆر بەرهەم بەكارهێنانی مادەی هۆشبەرە”.
ماددەهۆشبەرەكان بە شێوەیەكی وا لە شارەكانی عێراق بڵاو بۆتەوە و بازرگانی پێوەدەكرێت كە گەیشتۆتە هێڵی مەترسیدار.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەمبارەوە رایگەیاند ” ئێستا گەورەترین مەترسی لەسەر عێراق مادە هۆشبەرەكانە”.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانەی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەكان لە بەغدا گووتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند”مادە هۆشبەرەكان لە ئێستادا گەورەترین مەترسین لەسەر وڵاتەكەمان، چونکە دەبنە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكان، هەروەها درووستبوونی بەشێكی تیرۆر بەرهەمی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەرە”.
زیاتر روونیكردەوە “مادە هۆشبەرەکان تەنیا كاریگەرییە خراپەكانیان لەسەر گەنجان نییە، بەڵكو دەبێتە هۆكاری ناسەقامگیری لە كۆمەڵگە، هەربۆیە ئەو كەسانەی بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەكەن بە تووندی سزا دەدرێن”.
لەبارەی رێگری كردن لە هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ عێراق گووتی “لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە گفتوگۆداین بە مەبەستی هەماهەنگی كردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و درووستكردنی سیستەمێكی هاوبەش بۆ بە سزا گەیاندنی ئەو كەسانەی بازرگانی بەم مادانەوە دەكەن”.