شەهلا ڕەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕی زانكۆی ئەهواز، دەڵێت” پلەكانی گەرما ئەوەندە بەرزن پێویستە خەڵك زۆر ئاگاداری خۆیان بن و كەمتر بچنە دەرەوە.
پێژمان بەختیاری نیا، لە چاوپێكەوتنێكدا، ڕایگەیاند” وەرزی گەرما پێویستە زیاتر ئاگاداری تەندروستیتان بن، چونكە ئەگەری جەڵتە زیاترە لەچاو وەرزەكانی دیكە، بۆیە هەوڵبدەن كەمتر بچنە دەرەوە، ئەگەریش بەرنامەی دەرچوونتان هەبێت بۆ هەر مەبەستێك ئەوا پێویستە ئەو جل و بەرگانە لەبەر بكەن كە ڕەنگەكانیان كراوەترە، كڵاو و چاویلكەی تایبەت بە هەتاو و دژەخۆری گونجاو بەكاربهێنن.
ئاماژەی بەوەشكرد” بە ئاوی زۆر گەرم خۆتان مەشۆن و هەوڵبدەن ڕۆژانە زۆر ئاویش بخۆنەوە، لەبەر ئەوەی جەستە لەم وەرزەدا بەهۆی ئارەق كردنەوە ڕێژەیەكی زۆری ئاو لەدەستدەدات، پێویستە زۆر ئاگاداری منداڵان و كەسانی بەساڵاچوو بن تایبەت ئەوانەی نەخۆشی دڵیان هەیە، هەروەها بەهیچ شێوەیەك منداڵ لەنێو ئۆتۆمبێل بەجێ مەهێڵن.
ئەم پزیشكە، ئاشكراشیكرد”دووربكەونەوە لە خواردنەكانی سەر شەقام، چونكە ساردكەرەوەیان نییە كە تێیدا هەڵبگیرێت، بەهۆی خێرا تێكچوونی خۆراكەكان، پێویستە لە ماوەی دوو كاتژمێردا دوای كوڵاندن خواردنەكە بە گەرمی بخورێت، هەروەها لەكاتی گەشتەكانی هاویندا، دووربكەونەوە لەو خواردنانەی كە هێلكە یان پێكهاتەی شیریان تێدایە، خۆتان بەدوور بگرن لە مەلەكردن لە شوێنە كراوەكاندا بەهۆی مەترسی تووشبوون بە هەوكردنی هەرس و پێست.