مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كوشتنی كچێكی نۆ ساڵان لەلایەن باوكی و باوەژنەكەیەوە، نیگەرانی و تووڕەیی دانیشتووانی شارێكی بەدوای خۆیدا هێنا .
میدیا عێراقییەكان چیرۆكی مردنی میار ی تەمەن نۆ ساڵەیان بەو شێوەیە باس كردووە”دایك و باوكی میاری نۆ ساڵان، ماوەی دوو ساڵە لێكجیابوونەتەوە، بۆیە باوكی ژنێكی تر دەهێنێت و بە پێی قسەی دراوسێكانی، میار لەو كاتەوە لە ژیانێكی كولە مەرگیدا ژیاوە، چونكە هەر لە سەرەتاوە زڕدایكەكە دڵڕەق و خراپ بووە و چەندین جار توندوتیژی بەرامبەر كردووە،”
ڕۆژی هەینی 19ی تەممووزی 2024، میار لە لایەن باوكییەوە زۆر بە خراپی لێ دەدرێت و دواتریش لە سەربانی ماڵی خۆیان لەبەر تیشكی خۆر دەیبەستێتەوە تا گیانی دەردەچێت .
دایكی ڕاستەقینەی میار قسەی بۆ میدیاكان كردووە و دەڵێ “ماوەی ساڵێك بوو، هیچ هەواڵم لە كچەكەم نەبوو، تا لە كۆتایی هەواڵی مەرگی ئەویان بۆ هێنام.”
دەشڵێت “جەستەی كچەكەم بە تەواوی سووتابوو و چەندین شوێنەواری ئەشكەنجەی بەسەرەوە بووە.”
بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی میار، دانیشتووانی پارێزگای دیالە ی تووڕە كردووە و لە ئێستادا تۆمەتباری سەرەكی كە باوكی كچەكەیە و خەڵكی بەعقوبەیە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە و باوەژنەكەشی ڕایكردووە و چارەنووسی نادیارە.