شەهلا ڕەشید- سۆران
بەرپرسی بنكەی تەندروستی هەرێم، دەڵێت: هەموو چارەسەرە سەرەتاییەكان لە بنكەكەمان ئەنجام دەدرێن و هەوڵدەدەین كەمترین نەخۆش ڕەوانەی نەخۆشخانەكان بكەین.
ڕازیە ساڵح، بەرپرسی بنكەی تەندروستی هەرێم، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” لە ئێستادا پێداویستی پزیشكی و دەرمانمان هەیە لە بنكەكەمان، هەوڵدەدەین بەگوێرەی ئەو دەرمانانە چارەسەری سەرەتایی بۆ سەردانكەرانمان ئەنجام بدەین و كەمترین نەخۆشیش ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی دیكە بكەین، بەڵام ئەگەر لەوەش دڵنیا بووین كەسێك پێویستی بە پشكنینی زیاتر و پزیشكی پسپۆڕ هەیە ئەوا دەینێرینە نەخۆشخانەكان، ئەگەر ئافرەتی دووگیانیش بێت ڕەوانەی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی دەكەین”.
سەبارەت بە كەموكوڕییەكانیش، ئاشكرای كرد” ئەوەی كە پێویستە بەگوێرەی بنكەكەمان بۆمان دابین دەكرێت، هەر شتێكیشمان كەم بێت بەزووترین كات ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران دەكەین و بۆمان جێبەجێ دەكەن، تەنها كەمی كارمەندمان هەیە لە بەشی تیشك و ددان.