زاری كرمانجی – سۆران :
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاند كە هیچ ناوێكی دووبارە و بیانی لە لیستی وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە و تەواوی داواكارییەكانی وەزارەتی دارایی عێراقیش لە بارەی لیستی مووچەوە جێبەجێكراون.
لیوا بەختیار محەممەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی لیستی مووچەوە دەڵێ “پێشتر بۆ مووچەی هێزە تەناهییەكان داوا كرا بە كۆد بێت و كۆدمان نارد و مووچە نێردرا، دواتریش داوای داتاكان كران و بەوەش مووچە نێردرا.”
ئاشكراشی دەكات كە بۆ مووچەی مانگی حەوت و هەشت، لە لایەن لیژنەیەكی هاوبەش وردبینی و هەڵسەنگاندن لەسەر لیستی مووچە دەكەن و دەڵێ “دەبێت بۆ ليستى مانگی حەوت تێبینییەكان چاك بكرێن و لەسەر ئەو بنەمایە لیستەكان بنێرین.”
لیوا بەختیار دەشڵێت “دوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی عێراق، دەبێت كوردستان و بەغدا سازان بكەن لەسەر سیستەمی دارایی و كارگێڕیی كە ئەوەش پێویستی بە لێكتێگەیشتن و كات هەیە.”
ئەوەشی خستە ڕوو كە وەك وەزارەتی پێشمەرگە گرفتیان لە ناوی دووبارە و بیانی نییە و ڕادەگەیەنێت “ئەو داواكاری و تێبینییانەی تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان و عێراق هەیانبووە، چارەسەریان دەكەین.”