مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دەزگای باران تورسون لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات لە ماوەی 17 ساڵی ڕابردوو، 219 هاووڵاتی كورد لە شارەكانی باكووری كوردستان بە هۆی گازی فرمێسكڕێژ و تەقەی پۆلیسی توركیا كوژراون كە لە نێویاندا 90 منداڵ هەن.
دەزگای باران تورسون ئاماری كوشتنى هاووڵاتییانی مەدەنی لەلایەن پۆلیسەوە لە ماوەی 17 ساڵی ڕابردووی شارەكانی توركیای ئاشكرا كرد و ڕاگەیاند “بەگشتی 451 كەس لە شارەكانی توركیا بە گازی فرمێسكڕێژ و تەقەی پۆلیس كوژراون و زۆرینەیان لە ناوچە كوردنشینەكان بوونە.”
محەممەد تورسون، سەرۆكی دەزگای باران تورسون دەڵێ ” 219 كەس لە شارەكانی باكووری كوردستان كوژراون كە 91 یان لە شرناخ و 66 یان لە ئامەد و 21 دیكەشیان لە مێردین بوونە.”
دەشڵێت “لە نێو كوژراوان 98 منداڵ هەن، كە 90 یان كوردن و 8 ەكەی تریش تورك.”
لە درێژەی قسەكانیدا محەممەد تورسون هۆكاری كوشتنی هاونیشتمانییان بۆ تێگەیشتن و هەڵوێستی دەوڵەت بەرامبەر بە كورد دەگەڕێنێتەوە و ئەوەشی خستە ڕوو “دوای ئەوەی دایك و باوك، دواتریش ئەكادیمیای پۆلیسی، كوردیان بە تیرۆریست پێناساندن، ئەو كەسانەی دەبنە پۆلیس و دەڕۆنە دیاربەكر، جزیره و شرناخ. بەر لە هەموو شتێك دەڵێن، ئەوان تیرۆریستن. جا كورد هەر چییەك بكەن، ئەو پۆلیسانە هەر بەم جۆرە بیر دەكەنەوە.”
خانەوادەی باران تورشەن، كوڕێكیان لە ساڵی 2007 لە ئیزمیر لە لایەن پۆلیسەوە كوژرا، بۆیە لە ساڵی 2010 هەستان بە دامەزراندنی دەزگای تورسون، ئەم دەزگایە بە هاوئاهەنگی و پشتیوانیی یونیسێف و نەتەوە یەكگرتووەكان كار لە سەر پێشێلكارییەكانی پۆلیس دەكات و ساڵانە ڕاپۆرتی خۆی بڵاو دەكاتەوە و داكۆكیش لە قوربانییان و ماڵباتەكانیان دەكات.