عێراق هۆشداری لە هاوردەکردنی مریشکی بەرازیلی دەدات
لە ئێستەدا تاعونی مریشک لە بەڕازیل بڵاوبووەتەوە، حکومەتی عێراقیش هۆشداری لە هاوردەکردنی مریشکی ئەو وڵاتە دەدات.
دوای ئەوەی بەڕازیل بۆی دەرکەوت، کە پەلەوەرەکان تووشی (نەخۆشی نیوکاسڵ) یان (تاعونی مریشک) بوون، هەناردەکردنی مریشکی وەستاند بۆ وڵاتانی جیهان، لەناویاندا وڵاتی عێراقیش هەیە.
بەهۆی ئەو نەخۆشیەی لەناو پەلەوەرەکان بڵاوبۆتەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٧ هەزار باڵندە لە کێڵگەیەکی بچووکدا مرداربوونەتەوە، کە نەخۆشییەکەی تێیدا دۆزراوەتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمەڵەی بەرهەمهێنەرانی پڕۆتینی ئاژەڵی بەرازیل ڕایگەیاندووە، کە وەزارەتی کشتوکاڵ دوای دەستنیشانکردنی حاڵەتێکی نەخۆشی نیوکاسڵ، هەناردەکردنی پەلەوەری بۆ هەندێک وڵات ڕاگرت، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەدەن.


































































