مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەسەد بە چەند مەرجێك وەڵامی داواكارییەكەی ئەردۆغانی بۆ دانوستاندن دایەوە و ڕاگەیاند بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەین پێویستە هێزەكانتان لەسەر خاكی سووریا بكێشنهوه .
دوای ئەوەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان توركیا و سووریا لەگەڵ ئەسەد كۆ ببێتەوە، لەبەرامبەردا بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بەشداریكردن لە هەر كۆبوونەوەیەك، بە مەرجێك توركیا دەست لە پشتیوانیكردنی تیرۆر هەڵبگرێت و هێزەكانی لە سەر خاكی سووریا بكشێتەوە،”
توركیا تا ئێستا هیچ وەڵامێكی فەرمی بۆ قسە و مەرجەكانی سەرۆكی سووریا نەداوەتەوە، جگە لە وەڵامێكی ناڕاستەوخۆی وەزارەتی بەرگری توركیا كە دەڵێ “ئامانج لە بوونی هێزەكانمان لە سووریا، مەبەست لە پارچەكردنی خاكی سووریا نییە، بەڵكوو بەرگریكردنە لە خۆمان و دوورخستنەوەی هەڕەشەی تیرۆریستییە لە سنوورەكەمان،”
دەشڵێت “توركیا دەیەوێت بە قۆڵیی 30 بۆ 40 كیلۆمەتر پشتێنی ئەمنی لە ناو خاكی سووریا دروست بكات.”
هاوكات، میخائیل بۆگدانۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، دووپاتی كردەوە كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە سووریا و دەستەبەركردنی ئاسایشی سنوورەكان دەبێت لە كارنامەی دانوستانەكاندا بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا شارەزایەكی كاروباری سووریا پێ وایە دانوستانەكانی توركیا و سووریا سەركەوتوو نابێت.
ئارۆن لوند، شارەزای كاروباری سووریا لە دامەزراوەی سەدە ئاشكرای دەكات “كۆسپی جددی هەیە كە ڕێگری لە سەركەوتنەكانیان دەكات.”
دەشڵێت “ئەنقەرە و دیمەشق لە ماوەیەكی نزیكدا ناگەنە قۆناخی ئاساییبوونەوەی تەواو.”