شەهلا ڕەشید- سۆران
بۆ ئەو كەسانەی عاشقی چا خواردنەوەن هیچ شتێك لە دونیادا بە قەد كوپێك چا چێژبەخشتر نییە، لە خۆشی و دڵتەنگی، سترێس و بێتاقەتی خۆیان پێوە دەگرن، زۆر كەسیش بەشێوەیەكی گشتی خووی خواردنەوەی چایان هەیە دوای ژەمەكان و زۆرێك بە ئالوودەبوونێكی بێ زیان دەزانن، بەڵام شارەزایانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن” جگە لەو سوودانەی كە هەیەتی ئەوا زیانیشی هەیە چونكە لەگەڵ هەندێك خواردن نابێ بخۆرێتەوە.
شارەزایان لەمبارەوە، ڕێنمایی خواردنەوەی چا دەكەن، تایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە زۆر دەخۆنەوە، دەڵێن” چای خواردنەوە سوودی بۆ تەندروستی هەیە چونكە پێكهاتەكانی دژە بەكتریان، یارمەتی كەمكردنەوەی كۆلیسترۆل و پەستانی خوێن دەدات، بەڵام نابێت شەكری زۆر تێدا بێت یاخود زۆر شیرینی لەگەڵی بخۆرێت، چونكە دەبێتە خواردنەوەیەكی كالۆری بەرز.
ئاشكراش دەكەن” یەكێك لەو خۆراكانەی نابێت چای لەگەڵ بخورێتەوە بسكویتە شیرینەكانە كە لە ئارد دروست دەكرێن و ئەگەری تووشبوون بە قەبزی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ترشی زیاتر دەكات، هەروەها باشترە لەكاتی خواردنی سەوزەی وەك سپێناخ و لۆبیا یان هەر خۆراكێك كە ماددەی ئاسن تێدایە نابێت چا بخۆرێتەوە چونكە پێكهاتەكانی دەبێتە ڕێگری مژینی ئاسنەكە، هەروەها لەكاتی خواردنی چەرەزاتیش باش نییە چا بخۆرێتەوە چونكە ماددەی تانین تێدایە و ڕێگری لە مژینی ماددە خۆراكییە بەسوودەكانی ناو چەرەزاتەكان دەكات.