محەممەد مەحموود- رواندز:
دوای ئەوەی بەردی بناغەی چاككردنی رێگای گوندەكانی دۆڵی ئاكۆیان داندرا، ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی لەم چەند رۆژە كاری قیڕتاوكردن دەست پێ بكات.
ئەندازیار بەهزاد، سەرپەرشتیاری كاری قیڕتاوكردنی رێگای گوندەكانی دۆڵی ئاكۆیان بە زاری كرمانجی راگەیاند” لە ئێستادا ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی رێگای گوندەكانی فەقیان، ئاكۆی كۆن، گەرەوانی سەروو، سەران، دەست بە چاككردنیان بكرێت و قیڕتاو بكرێن، لەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو كارەكانی قیڕتاوكردن دەست پێ دەكات”.
ئەو ئەندازیارە، گوتیشی: رێگای گوندەكانی ئاكۆی كۆن و گەرەوانی سەروو ئامادەكراون بۆ قیڕتاوكردن، رێگای فەقیانیش هەندێ زێدەڕۆی هەبوو لەسەری داوای خاوەنی كەپرە گەشتیارییەكان كراوە بەزووترین كات لای ببەن، رێگای گوندی سەرانیش ئەو شوێنانەی تێكچوونە چاك دەكرێن، گوژمەی ئەو پڕۆژیە ٧٦٩ ملیۆن و ٩٦٠ هەزار دینارە، ماوەی كاركردنیش ٢٥٠ رۆژە، كۆمپانیای بیاو كارەكان جێ بەجێ دەكات.