شەهلا ڕەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵان، دەڵێت” زۆرجار بەهۆی تووشبوون بە هەندێك نەخۆشی جەستەی منداڵ وشك دەبێت و ئەمەش مەترسیدارە و پێویستە زوو چارەسەری بۆ بکرێت بە تایبەت لە وەرزی هاوینان.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” وشكبوونەوەی جەستەی منداڵ لە ئەنجامی سكچوون یان ڕشانەوە یاخود كێشەكانی دیكەی تەندروستی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، ئەمەش وا دەكات ڕێژەی ئاو لە جەستە كەم بكات و خوێ و كانزاكان تێك بچن.
ئەم پزیشكە ئاشكراشیكرد” ئەوانەی كە ئاماژەمان پێكردن دەبنە هۆی مەترسی گەورە لەسەر منداڵەكە و كاریگەری نەرێنی دروست دەكەن لەسەر گورچیلە، خانەكانی لەش و تێكڕای كۆئەندامەكانی تر، كە ئەگەری زۆر مەترسیدار بۆ منداڵ دێنێتە پێش، بۆیە پێش وشكبوونەوە پێویستە منداڵ چارەسەر بكرێت.