دۆخە دووبارەبووەکانی چێژی گێڕانەوە لە ڕۆمانەکانی (داگیرکردنی تاریکی و بەندەر فەیلی).
نووسینی / گۆڕان سەمەد
١
لە دواهەمین دوو ڕۆمانی ڕۆماننووس (بەختیار عەلی) خوێنەر بەر کۆمەڵێک توخم و بەرکەوتنی هاوبەش دەکەوێت، بەو واتایەی لە هەر دوو بەرهەمەکەدا هەندێک وێنا و دۆخ دووبارە دەبێتەوە، بەڵام کتومت وەک یەک نا، بەڵکو بە شێوازێکی جوودا و تژی لە چێژی گێڕانەوە لە پانتایی گەمە زمانییەکانی بەختیار عەلیدا. هەر یەکە لە (کوردبوون، زمان، ئەوینی شکستخواردوو، زیندان، کوشتوبڕیی، ڕووداو، گەیشتن بە لووتکە و داڕمان) لە ڕۆمانەکاندا هەیە و دەرک دەکرێت. کاتێک دەڵێین (کوردبوون) ئەگەر کارەکتەری بەندەر فەیلی تەنیا کورد نەبووایە، بێگومان ئاڕاستەی چیرۆکەکە گۆشەیەکی دیکەی وەردەگرت و بە هەمیشەیی زیندان ماڵی ئەو نەدەبوو. بە هەمان شێوەیش بۆ عیسمەت و ئەوانی دیش ڕاستە لە رۆمانی داگیرکردنی تاریکی، گەر ترس لە گەشە و زۆربوونی کوردان وەک زمان و ناسنامە نەبووایە، دۆخی ئەوانە وەک نەخۆشییەکی دەگمەن نەدەبینرا و مامەڵەی شێتانییان لەگەڵ نەدەکردن. ئەوەی دیکە بوونی زیندانە لە ڕۆمانەکاندا وەک ماڵی تاهەتایی بۆ کورد لە پێناو نەمانییان، هاوشێوەی گوتەی (چیاکان دۆستی کوردانن) زیندان بووەتە دۆستە دڵڕەق و پەناگە ئارامەکەی کورد لەوێدا.
٢
ڕۆمانی بەندەر فەیلی١، سەرگوزەشتەی بەندەر و کۆی ڕووداوەکانی قۆناخی (١٩٨٠٢٠٠٣)ی سەردەمی بەعس لە عێراق دەگێڕێتەوە. بەندەر لە دایکێکی فەیلی (ئیسڕا مەلەکشاهی) و پلەدارێکی بەعسی (یاسر) لە دایک دەبێت. ئەو کاتەی ئیسڕا لە یەکێک لە زیندانە دوورەدەستەکانی عێراق دەستبەسەرە. یاسر لە سەروبەندی لێکۆڵینەوە دەکەوێتە داوی ئەوینی وێ، بەڵام ئەو ویستی خۆبەدەستەوەدانی نابێت، کەچی بەندەر لە ئەنجامی دەست درێژییەکی لێوانلێو لە (ڕق و خۆشەویستی) دێتە دنیا و تێمای کوردبوون بەشێکی گەورەی پەراوێز خستنی بەندەر دەبێت، ئەمە وێڕای ڕەهەندە سایکۆلۆژییەکەی ئەم ڕووداوی بەریەککەوتنە. هەرچی ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکییە٢، باس لە دۆخی کوردبوون دەکات لە ساڵانی (١٩٥٤١٩٧٩) ئەمەش دەبێتە سەردەمی دوای جەنگی دووەمی جیهان. ڕۆمانەکە باس لە بنەماڵەیەکی کەمالیستی توندڕەو دەکات بەناوی (تاریق ئاکانسوی) دەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمانەکە بە دوو ئاست لە گێڕانەوە گەشە دەکات و پڕیەتی لە کارەکتەری سیاسی و دۆخی خوێناوی، کوو کەسایەتی (عیسمەت ئۆکتای) ڕۆڵی قوربانییەکی کاریگەری تێدا دەبێت. لەوێشدا کوردبوون و زمانەکەی دەبن بە سەنتڕاڵی ڕۆمانەکە.
٣
ئەوین وەک دۆخێکی دانەبڕاو و پێویست، هەردەم لە ژیانی مرۆڤدا بوونی هەیە، بێگومان ئەمەیش بۆ مرۆڤەکانی ناو دەقەکانیش ڕاستە. لەو دوو بەرهەمەی ڕۆماننووس، ئەوینێکی شکستخواردوو دەبینین و چەند بار پاتەدەبێتەوە، پێچەوانەی شاکارەکانی دنیا (ئەگەرچی وەک ئەگەرێکی کراوە، دەشێت کۆتایی هەر پەیوەندییەک دابڕان، یاخود مانەوە ڕوو بدات. لەگوێن خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرە) بەڵام ئەوەی لەو دوو بەرهەمەدا هەیە، دەرککردنە بە داڕمانی ئەوین مینا: (ئەوینی بەندەر بۆ نەدا، عیسمەت بۆ ژنەکەی و عەلی ئیحسان بۆ یارانی) دۆخ و وێنەیەکی دی، کوو لە ئەوینە داڕماوەکان هاوبەشە، هەڵبەت ئەگەر ئاوڕدانەوەیەکی دیکەی بۆ بکەین، بۆ نموونە لە ڕوانگە فێمینیستییەکەوە لێی بڕوانین، ئاڕاستەکەمان دەگۆڕێت. دەبینین لەو دۆخانەی سەرەوە پیاوان پتر کاریگەرییان پێوە دیارە تا ئاستی ڕۆندک هۆنینەوە، لە کاتێکدا ژنان ئارامتر و کۆنتڕۆڵ تر دەرکەوتوون، ئەمەیش هاوبەشییەکی جوودا و گرنگە لە دیدگەی نووسەر خولقاوە.
4
ئاڕاستەی گێرانەوە لە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی، لە زاری کورد نییە ڕاستەوخۆ، بەڵکو لە زاری ئەوی تری کوردە، بە جۆرێکی تر بڵێین، لەوێدا ئەوە کورد نییە باس لە بوون و وجوودی خۆی بکات، بەڵکە ئەوانی دین کورد بەر باس دەدەن. لە بەندەر فەیلییش وا کەوتووتەوە، ئەگەرچی کەمتر، بەڵام ئەوەی ترسی لە کوردەکان هەیە و بەر باسیان دەدەن ئەوانی دین، نەوەک کورد خۆی. ڕۆماننووس/ بەختیار عەلی، هەمیشە ئەزموونانێکی جوان بوونە، خەیاڵێکی فراوان لەگەڵ زمانێکی دەوڵەمەند، شاکاری خولقاندووە. لەو بەرهەمانەی ئەودا دەرک بە مەترسییەکانی شوناس دەکەیت و ئەوەت بۆ دروست دەبێت (ئاسان نییە کورد بیت و وەک هەمووان بژیت) خوێنەر سەر و کاری لەگەڵ ئاریشەیەکی گەورە دەبێت، دۆخێکی نا هەمواری سیاسی و شکاندنی کەڕامەتی مرۆڤەکان بەشێکی گەورەی ئەو قۆناخەیە کوو نووسەر نیشانمان دەدات. بە واتایەکە دی، ئەوە ڕۆماننووسە لە ڕێگەی زمانەکەیەوە کیشە مێژووییەکەی دۆخ و بوونی کوردمان بۆ دەگێڕێتەوە لە باشوور و باکووری کوردستان. جەور و ستەم دەوارێکی وای هەڵداوە تەنیا مەرگ دەتوانێت کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت، بە تایبەت لە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی.
5
یەکێکی دیکە لە هاوبەشییەکانی ئەو دوو ڕۆمانە، نیشاندان و ئاوڕدانەوەیە لە بیری بەرتەسکی ئایدیۆلۆژیایە، بەوەی چلۆن تەواوی مرۆڤەکانی کۆتوبەند کردووە بە جۆرێک، جگە لەوەی حیزب دەیخوازێت، یان ئەو شتەی دەچێتە خزمەتی ئایدیۆلۆژیاکەیانەوە، بیریان هیچی دی ناخوێنێتەوە. لە ڕۆمانی بەدەر فەیلی، بڕوابوون بە بەعسیزم و گوێڕایەڵی بۆ سەرۆک و تاقمەکەی چاوی تەواوی کارمەند و پلەدارەکانی کوێر کردووە و پێیان وایە لە سێدارەدانی ئەم هەموو ئینسانە بۆ مانەوەی دەوڵەت و حیزب، یاخود سەلامەتی سەرۆک، پێویستییە. لە داگیرکردنی تاریکییشدا، ناسیۆنالیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی پەتایی و بڕوای تورکچییەتی دەگاتە ترۆپکی ناشیرینی و قێزلێبوونەوە. گێڕانەوەی دیمەنی زیندانیکردنی (ئارسین) برا بچووکی عەلی ئیحسان لەلایەن پرۆفیسۆر تاریق ئاکانسوی باوکییەوە. لەوەش بە بێز تر ئەو دیمەنەیە، دوای نزیکەی پانزدەساڵ کچە شەنگەکەی عیسمەتی پاڵەوانی هەمیشە ئامادەی ڕۆمانەکە، کە پارێزەرە و پەروەردەی هەمان ئایدیۆلۆژییە، ناتوانێت لە تورکچییەتی دەرباز بێت، کاتێک باوکی سەردانی دەکات و دەیەوێت خۆی پێ بناسێنێت و تینوویەتی ئەو هەموو دوورییە و باوکایەتی بڕەوێنێتەوە، بەڵام کچەکە چی بە وەرگێڕەکەی باوکی (باوکێک زمانی تورکی بیر چووەتەوە، تەنێ کوردی دەپەیڤێت) دەڵێت: “گەر ئەم پیاوە باوکی منیش بێت و ئەو چیرۆکەش ڕاست بێت کە ئەو کابرایە دەیگێڕێتەوە، من کچێکی تورک پەروەرم، لە منداڵییەوە فێر بووم تورکم و تورکبوونی خۆم لە هەموو شتێکی تر بۆ گرنگترە، تکایە من دایکم زۆر ماندووبووە تا پەروەردەیەکی تورکانە وەربگرم، نامەوێت وەک تورکێک بۆ ساتێکیش گومان لە پاکیەتی خوێنی خۆم بکەم٣”(لا:٧١١). تەماشا دەکەیت لێرە تورکچییەتی ئەوەندە بیر و بڕوایەکی نا مرۆڤانەیە، وای لە باوکێک دەکات کوڕەکەی سزا بدات، چونکە بیری تورکپەروەری تێدا نابینێت. یاخود لە دیمەنی دووەم کچێک حاشا لە باوکی دەکات خۆی لی نەناس دەکات لەبەر ئەو ئایدیۆلۆژییەی کە خراوەتە مێشکی، بێگومان ترسیش ڕۆڵێکی گەورە دەبینێت لە شێوەگرەتنی بیر و باوەڕێکی هەڵەی ئاوا دا. چاترە بەوە کۆتایی پێ بێنم (دوو ڕۆمانە خوێندنەوەی هەم پێویستە، هەمیش چێژ بەخش).
١- عەلی، بەختیار.٢٠٢٢. بەندەر فەیلی، چ١، سلێمانی، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند.
٢- عەلی، بەختیار.٢٠٢٠. داگیرکردنی تاریکی، چ١، سلێمانی، ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند.
٣- سەرچاوە.