شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێك، چەند زانیارییەكی گرنگ لەبارەی شێرپەنجەی سییەكان، دەخاتەڕوو، ئەم پزیشكە دەشڵێت” شێرپەنجەی سییەكان سەرەكیترین هۆكاری مردنە لەنێو هەموو جۆرەكانی دیكەی شێرپەنجە لە سەرتاسەری جیهان.
د. زانا دزەیی، دكتۆرا لە نەخۆشییەكانی هەناو و پسپۆڕی تایبەتمەندی سییەكان و ڕێڕەوی هەناسە، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” زۆربەی شێرپەنجەی سییەكان كاتێك دەستنیشان دەكرێن كە كەسی تووشبوو لە قۆناغی كۆتایی نەخۆشییەكەیە، چونكە لە سەرەتاكان هیچ نیشانەیەكی نییە یاخود تایبەت نین بە شێرپەنجەكە، هەروەها كێشانی تووتن و جگەرە سەرەكیترین هۆكاری تووشبوونە بەم نەخۆشییە، بەڵام ڕێژەیەكی بەرچاویشی دەشێ لەو كەسانەدا بێت كە جگەرەكێش نین بەتایبەت لە نێو خانمان، چونكە پیسبوونی ژینگە بەتایبەت دوكەڵی سوتەمەنییەكان، هۆكارێكی تری تووشبوونن.
ئاشكراشیكرد” لە ئێستادا دوو سەرەكیتریین ڕێگە بۆ كەمكردنەوە و ڕێگریكردن لە تووشبوونی شێرپەنجەی سییەكان هەن كە یەكێكیان دووركەوتنەوە لە كێشانی تووتن و جگەرە و ژینگەپارێزیی، ئەوەی دیكەشیان دەستنیشانكردنی پێشینە، لەم چەند ساڵەی دوایی، كۆمەڵە پزیشكییەكانی سنگ و سییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا، دوای چەند توێژینەوەیەكی تۆكمە لەسەر دەستنیشانكردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی سییەكان، چەند ڕێكارێكی نوێیان ئاماژە پێدا و دوای ئەوە بوو بە ڕێكارێكی كلینیكیی پزیشكی.
د. زانا دزەیی، ئەوەشی خستەڕوو” دەستنیشانكردنی پێشوەختە بریتیە لە گرتنی تیشكیCT scn بە جۆرێك كە ڕێژەیەكی كەم لە تیشكەكە بەكار دێت بۆ كەمكردنەوەی ماك و لێكەوتەكانی تیشكەكە لە داهاتوودا ، هەروەها هەموو جگەرە كێشێكیش ناتوانێت ئەم تیشكە ئەنجام بدات، تەنها ئەم گرووپانەی خوارەوە دەگرێتەوە:
- دەبێ تەمەنی كەسەكە لە نێوان 50 بۆ 80 ساڵ بێت، لەم ڕێژەیە كەمتر و زیاتر بووی گونجاو نییە.
- بەلایەنی كەم ڕۆژانە بیست جگەرەی كێشابێت بۆ ماوەی بیست ساڵ یان زیاتر، یاخود ڕۆژانە چل جگەرەی كێشابێت بۆ ماوەی 10 ساڵ یان زیاتر، یاخود ئەو كەسانەی وازیان لە جگەرەكێشان هێناوە بەڵام ماوەی وازهێنانەكە كەمترە لە 15 ساڵ ئەوا دەیانگرێتەوە.
- كەسەكە نابێت هیچ نیشانەیەكی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەكانی هەبێت.
ئەم پزیشكە ڕاشیگەیاند” بە دەستنیشانكردنی پێشینەی شێرپەنجەی سییەكان، چارەسەر ئاسان و گونجاوتر دەبێت و دەشێ ژیانی كەسی تووشبوو بۆ ماوەیەكی بەرچاو درێژ بكرێتەوە.