شەهلا ڕەشید- سۆران
ڕەنگی جل و بەرگ ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت بۆ دروستكردنی ستایلێكی سەرنجڕاكێش، هەر بۆیەش وەرزی هاوین دەرفەتێكی باشە بۆ هەڵبژاردنەكان و ئافرەتان زیاتر دەتوانن ڕەنگە كراوەكان لەبەر بكەن، لەم بەشەی خوارەوەدا پێنج ڕەنگی سەرەكیتان پێ دەناسێنین كە گونجاون بۆ وەرزی هاوین و دەتوانن سێتی سەرنجڕاكێشیان پێ دروست بكەن.
-ڕەنگی سپی: فێنكترین ڕەنگە ودەتوانیت لە ستایلی هاوینەدا بەكاربهێنیت و ڕێگری دەكات لە هەڵمژینی گەرمی، جگە لەوەش بۆ هەموو جۆرە پێستێك و قژی ڕەنگ جیاواز گونجاوە.
-سەوز: ئەمەیان بە ڕەنگی سروشت ناسراوە و یەكێكە لە ڕەنگە سەرنجڕاكێشەكانی هاوین، بەتایبەت سەوزی فستەقی لە ستایلەكانی هاویندا زۆر فێنك دەردەكەوێت و لەبەركردنی نەرم و ئیسراحەتە، دەتوانرێت لەگەڵ سپی، خۆڵەمێشی، شینێكی تۆخ یاخود پەمەیی كراوە هاوتا بكەیت.
- پەمەیی كراوە: خانمان زیاتر حەز بەم ڕەنگە دەكەن، چونكە جگە لەوەی كراوە و جوانە ئەو كەسەی ئەم ڕەنگە بەكاردەهێنێت كەمتر لە تەمەنی خۆی دەردەكەوێت، دەتوانیت پەمەیی كراوە لەگەڵ كۆمەڵێك ڕەنگەكانی هاوشێوەی خۆڵەمێشی و شینێكی كراوە سێت بكەیت.
-ڕەنگی شین: تۆنی گەشاوەی ئەم ڕەنگە پەیوەستە بە ئاسمان و ئاو و بەفرەوە، دەتوانیت لە هەموو وەرزەكان بەكاربهێنیت، بەڵام لە ستایلەكانی هاوینەدا لەگەڵ سپی، كرێمی و زەردی لیمۆی زۆر شیك دەردەكەوێت.
-ڕەنگی كرێمی: یەكێكی ترە لە ڕەنگەك سەرنجڕاكێشەكان و دەتوانیت بە شێوازی تاك ڕەنگ بەكاری بهێنیت، بەڵام ئەگەر دەتەوێت لەگەڵ ئەوانی دیكە هاوتا بكەیت ئەوا لەگەڵ شین و سپی زۆر جوان و سەرنجڕاكێش دەردەكەوێت.