محەممەد مەحموود – سۆران :
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک باوکێک بەشداری لە کۆبوونەوەی دایکان و باوکان دەکات، دەچێت گوێ لە مامۆستا و دەستەی کارگێڕی قوتابخانە دەگرێت لەسەر منداڵەکەی.
لەسەر ئەو بابەتە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە و بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند” بەشداریم لە کۆبوونەوەی دایکان و باوکان کرد وەک باوکێک بۆ ئەوەی ئاگاداری منداڵەکەم بم لە قوتابخانە لە پەیامەکەیدا وەزیری پەروەردە دەڵێت ” گرنگی بدە بە منداڵەکەت ، کاتەکان نابێت تەنیا هەر بۆ کارکردن تەرخان بکرێت ، لە سەردانیکردنت بۆ قوتابخانە و گوێبیست بوونی مامۆستا بەڕێزەکان ، لەلایەنی پەروەردەیی و فێربوونی منداڵەکەت باشتر تێ دەگەیت ، تێبینییەکانیان بە هەند وەربگرن ، مامۆستایان دڵسۆزترین کەسی منداڵەکانتانن ، ئامانجیانە دۆخی پەروەردەیی و فێرکاری منداڵەکانتان باشتر بکەن ، ئەو ئەرکە تەنیا لە سەرشانی مامۆستایان نییە بەڵکوو خێزانیش ڕۆڵی زۆر گرنگ دەبینێت ، ئەو کاتەی توانیمان خێزان بە باشی ببەستینەوە بە ناوەندەکانی خوێندنەوە سیستەمێکی پەروەردەیی باشتر و تەواو کارمان دەبێت .
سەرکەوتنت بەوە دەست پێ ناکات لە کارەکەت چەند سەرکەوتوویت و منداڵەکانت فەرامۆش کردبێت ، گەورەترین سەرکەوتنت ئەوەیە لەناو ماڵەکەتەوە سەرکەوتوو بیت. لەم دونیا پێکەوە گرێ دراو و ئاڵۆزە دا ڕەنگە منداڵی زۆربەمان تووشی گرفت و کەموکوڕی ببن ، ژیری لە گرنگیپێدانیان و چارەسەری گرفتەکانیانە بە هێمنی ، تکایە گرنگی بە منداڵەکەت بدە و هاوڕێی بە و سەردانی قوتابخانەکەی بکە ، گرنگترین ڕەگەزی سیستەمی پەروەردە خێزانە ، پەیوەندییەکی تەندروست لەسەر بنەمای خەمخۆری دروست بکەن.
خودای گەورە منداڵی هەموو لایەکتان پارێزراو بکات و پەروەردە کاران و مامۆستایان تەندروست ساغ و تەمەن درێژ بن.
بۆ زانین وەزیری پەروەردە منداڵەکەی لە قوتابخانەی حکومی دەخوێنن نەک ئەهلی.