بڕیارە ئەمڕۆ دەست بە دابەش كردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان بكرێت و سبەی كۆتایی بە دابەشكردنی مووچە بێت.
چاوگەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زانیاری تازەی لەسەر میكانیزمی دابەشكردنی مووچە پێشمەرگە و لیوا هاوبەشەكان ئاشكرا كردووە.
“زیاتر لە 12 هەزار پێشمەرگە لە لیوا هاوبەشەكان لەم هەفتەیەدا بە شێوەی دیجیتاڵی مووچەیان پێدەدرێت، كە ئەمە ساڵانێكی زۆرە دەستپێشخەرییەكی چاكسازییە كە لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانمانەوە پاڵپشتی دەكرێت و هاندەدرێت”. ئەمە لەسەر زاری عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكوەزیران بڵاوكراوەتەوە.
عەزیز ئەحمەد جەختیشی لەوە كردووەتەوە”تا كۆتایی ئەمساڵ دابەشكردنی مووچەی هەموو لیوا هاوبەشەكان دەبێتە دیجیتاڵی”.
































































