مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماری ڕووداو و تاوانەكانی لە كاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 بڵاو كردەوە.
یارییەكانی جامی نەتەوەكانی ئەورووپا “یۆرۆ 2024” بە سەركەوتنی ئیسپانیا كۆتایی هات و نازناوەكەی لە سەر حیسابی هاوتا ئینگلیزەكەی بەدەستهێنا.
زیاتر لە شەش ملیۆن كەس لە تەواوی وڵاتانی بەشدار لە پاڵەوانێتییەكە، ڕوویان لە وڵاتی ئەڵمانیا ی ڕێكخەری پاڵەوانێتییەكە كرد، پۆلیسی ئەڵمانیا ژمارەی ئەو ڕووداو و تاوانانەی لە ماوەی 30 ڕۆژی بەڕێوەچوونی یارییەكانی یۆرۆی 2024 ئاشكرا كرد و ڕاگەیاند “دوو هەزار و 340 حاڵەتی تاوانكاری جۆراوجۆر ڕووی داوە و زیاتر لە 700 كەس زیانی جەستەییان بەركەوتووە.”
هاوكات دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژە بەوە دەدەن “زیاتر لە 22 هەزار ئەفسەر و كارمەندی پۆلیس ئاسایش و ئارامی ناوچەی هەندەران و یارییەكانییان پاراستووە و هۆكارێك بوونە لە كەمكردنەوەی ئاژاوە و تاوانەكان،” دەشڵێت “لە ترسی بڵاوبوونەوەی ئاژاوە و تێكدانی پاڵەوانێتییەكە، ڕێگری لە هەزار و 112 كەس كراوە بچنە ئەڵمانیا كە گۆمانیان لەسەر بووە.”