تیپی مۆسیقای پاشای گەورە دەست بە چاڵاكییەكانی دەكاتەوە
محەممەد مەحموود- رواندز:
تیپی مۆسیقای پاشای گەورە لە 50ساڵی تەمەنی نزیك دەبێتەوەو ئەمساڵ ئەو تیپە بووە 47 ساڵ، ئەو تیپە لە رۆژی 1-7-1977 لەشاری رواندز لەسەر دەستی مامۆستا زرار محەممەد مستەفا دامەزرا، تاكو دوای راپەرین و سەرەتای ساڵی 2000 ەوە یەكێك بوو لە تیپە هونەرییە چاڵاكەكان، دامەزرێنەرانی ئەو تیپە دەیانەوێت جارێكی دەستبەچاڵاكییە هونەرییەكان بكەنەوە.
ئامانج غازی، یەكێك لە دەستەی دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە بە زاری كرمانجی راگەیاند” وەك پێویستییەك بۆ ئەو دەڤەرەو تەواوی كوردستان جارێكی تر لەسەر دەستی دامەزرێنەران و ئەندامەكانمان كارو چاڵاكییەهونەرییەكانی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە دەستپێدەكەینەوە، لەسەر ئەو رێچكە هونەرییە بەردەوام دەبین كەوا لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوو گرتووبوومانە بەر و خزمەتێكی بەرچاوی هونەریمان پێشكەشكردووە لە رابردوو، بۆ داهاتووش بەردەوامی دەدەینە ئەو خزمەتە، بە تێكەڵكردنی توانا و بەهرەی چەند نەوەیەكی هونەری لەو شارە”.
ئامانج غازی، باسی لەوەشكرد” بۆ یەكەمجارە لەرێگای زاری كرمانجییەوە رایدەگێینین ” تیپەكەمان ساڵانە لەیادی دامەزراندن و كۆچی مامۆستا زرارەوە رۆژ هونەر ساز دەكات، هەر ساڵە و گرووپێكی مۆزیك لە شارێكی كوردستان بانگهێشت دەكەین و خۆشمان كۆڕاڵێكی مۆزیك ئامادە دەكەین ، جگە لەوەش ئەوەش یەكەمجارە ئاماژەی بۆ دەكەین خەڵاتی رابەری هونەر ، هەر ساڵەو دەدرێتە هونەرمەندێكی دیار و ناسراو لەسەر ئاستی كوردستان “.
بۆ ئەمساڵ چەند بەرهەمێك تۆمار دەكەین ئەوە دوا قسەكانی ئامانج غازی بوو گوتی” دەرگای تیپی پاشای گەورە بۆ سەرجەم هونەرمەندان كرایەوە، دەمانەوێت لەو بوارە خزمەتیان بكەین بۆ ئەمساڵیش تاكە وەرزی پاییز چوار تا پێنج بەرهەمی هونەری بەدەنگ و رەنگ بڵاودەكەینەوە بۆ هونەرمەندانی ئەو سنوورە.