ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٤/٧/١٥، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی کرد لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست لەهەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، لە دیدارێکدا وەزیری دارایی تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی وەزارەت و لیژنەی باڵای ئەنجومەنی وەزیران کە لە ڕۆژی ٢٠٢٤/٥/٨ ، بەمەبەستی گەڵاڵەکردنی بڕیارێکی دروست لەبارەی بەهەمیشەیکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەڕووی یاسایی و کارگێڕی و داراییەوە پێکهێنراوە تا بتوانن هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەکانیان پارێزراو بێت.
لەماوەی ڕابردوو لیژنە باڵاکە کۆبونەوەی خۆیان کردووەو لە ئێستا دۆسیەکە ڕەوانەی ئەنجومەنی ڕاژە کراوە بۆ ئەوەی ڕێکارە هونەری و ئیداریەکان تەواو بکرێت، ڕونیشیکردەوە وەک وەزارەتی دارایی هەمیشە داکۆکیکارو پشتیوانی فەرمانبەرانی گرێبەست بوونەو لەماوەی ڕابردووش هەرچی پەیوەست بوبێت بەوەزارەتەوە کاری خۆیان لەسەر کردووە.
هاوکات لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵن بۆ تەرخان کردنی دارایی و دیاریکردنی میالاکاتی پێویست لەسەر ئاستی وەزارەت و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان.
لای خۆشیانەوە نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست سوپاسی وەزیری دارایی و ئابورییان کرد کە هەمیشە خەمخۆرو پشتیوانی دۆسیەکەیان بووەو هیوایان خواست لە نزیکترین کاتدا پرسی بەهەمیشەیکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بە پێی ئەو میکانیزم و ڕێکارانەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ڕێکەوتنی لەسەر دەکرێت.