مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایشی هەرێم، مۆڵگەی چەكدارانی داعشی لە چیای پەڵكانە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەددین بۆردوومان كرد.
دوێنێ دوو چەكداری داعش دزەییان كردە نێو شارەدێی قەرەهەنجیر و لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئاسایشی ناوچەكە، یەكێكان كوژرا و ئەوەی تریان بە برینداری كەوتە دەست هێزەكانی ئاسایش.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بڵاوی كردووەتەوە “ئەو چەكدارەی داعش دانی ناوە كە حەشارگەكەیان لە چیای پەڵكانەیە و ژمارەیەك چەكداری دیكەی داعشی تێدایە، لەسەر ئەو بنەمایە، فڕۆكەكانی F-16 بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاسایشی گشتیی هەرێمی كوردستان، حەشارگەكەی بە وردی بۆمبباران كرد و تەواوی چەكدارەكانی لەنێو برد.”