ناوی زیاتر لە 12 هەزار دەرچوو بۆ وەزارەتی دارایی بەرز كرایەوە بۆ دامەزراندن
دوای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە 23ی نیسانی ئەمساڵ لایەنە پەیوەدارەكانی راسپارد بۆ بۆ ئەوەی هەوڵی جددی بدەن بۆ جێبەجێ كردنی رێكارەكانی دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگانی كوردستان،
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناوی سێ یەكەمەكانی زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم كرد بەمەبەستی دامەزراندن.
نووسراوەكە بە ژمارە 13001 لەبەرواری 14-7-2024 بە واژۆی د. ئارام محەمەد قادر، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ناوی سێ یەكەمەكانی زانكۆ حكومییەكانی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم كرد بەمەبەستی دامەزراندن.
دواتردا وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ناوی سێ یەكەمەكانی زانكۆ حكومییەكان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق دەكات بەمەبەستی پارە تەرخانكردن و دامەزراندنەوەیان لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێم.
ناوی سەرجەم سێ یەكەمە دانەمەزراوەكان ئەوانەی بایۆمەتریان كردووە نێردراون كە ژمارەیان 12286 قوتابییە.
































































