مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئافرەتێكی كورد چوار منداڵی بەیەكجار دووگیانبوون هێنایە دونیاوە و ناویان نا (باكوور و باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات).
گەمزە گوزێل دانیشتووی یەكێك لە شارەكانی باكووری كوردستانە و ماوەی ساڵێكە هاوسەرگیری كردووە و چاوەڕێ منداڵێكی ساوا بوون، كەچی چوار منداڵی هێنایە بوون، ئەو دەڵێ “داوای یەكمان كرد، خودا چواری پێداین و تەندروستی هەموویان باشە.”
دەشڵێت “كەمێك قورس دەبێت بە یەكجار ئاگاداری هەموویان ببین، بەڵام خێزانەكەمان گەورەیە و یارمەتیدەر دەبن و بەیەكەوە منداڵەكانمان پەروەردە دەكەین.”
چوار منداڵەكە كچێك و سێ كوڕن، لە بەر دەركردنی ناسنامە و ترسی دەوڵەتی تورك ناویان لێناوە ‘ئیرماك، كەرەم، عەساف و ئیكرام’، بەڵام گەمزە ئاماژە بەوە دەكات كە منداڵەكانی لە خۆشەویستی كوردستان ناو لێناوە (باكوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا) و هەر ئەو ناوە دەبیسترێت لە ناو خێزانەكەیان و هەر بەو ناوەش منداڵەكان بانگ دەكرێن.
































































