شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو، دەڵێت” زۆربەی دایكان ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر منداڵە تووشبووەكەی بە ڕەبۆ، بەخاخ بەكار بهێنێت كاریگەری لەسەر گەشەی دروست دەكات.
د. زانا دزەیی، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشی هەناو و تایبەتمەندی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و سییەكان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” بەخاخ ماددەی ستیڕۆید (كۆرتیزۆن)ی تێدایە، هەر بۆیەش زۆرێك لە دایكان كە منداڵەكانیان تووشبووی نەخۆشی ڕەبۆنە، لە بەكارهێنانی ترسی ئەوەیان هەیە كاریگەری لەسەر گەشەی منداڵەكانیان دروست بكات، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستی، چونكە ئەو جۆرە ماددەیە ڕێژەكەی زۆر نییە و بەشێكی زۆر كەمی دەچێتە دەرەوەی سییەكان و جۆری ستیڕۆیدەكەش جیاوازە لەو ستیڕۆیدەی كە گەشە دوا دەخات.
ئەم پزیشكە، ڕاشیگەیاند” هەندێك لێكۆڵینەوە ئاماژە بە كاریگەرییەكی زۆر كەمی بەخاخ دەكەن لەسەر گەشەی منداڵ، بە پێچەوانەوە لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان ئەوەیان بە تەواویی سەلماندووە، منداڵی تووشبوو ئەگەر ڕەبۆیەكەی كۆنتڕۆڵ نەبێت، ئەوا مەترسی دواكەوتنی گەشەی زیاترە.
د. زانا دزەیی، ئاشكراشیكرد”سێ جۆر نەخۆشیی ڕەبۆ لە منداڵاندا هەیە، جۆرێكیان بە هەڵكشانی تەمەن بە تەواویی چاك دەبنەوە، جۆرێكیشیان بەشێوەیەكی كاتی چاك دەبنەوە بەڵام دەشێ لە تەمەنێكی دیاریكراو بۆی بگەڕێتەوە، جۆری دیكەش هەر لە منداڵییەوە تووش دەبێت و لەگەڵ ژیانی بەردەوام دەبێت.