زاری كرمانحی-ڕواندز
ئێوارەی دوێنێ شەممە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و جێگری سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران و شاخەوانان و ژینگە دۆست و ژینگەپارێزان، هەڵمەتێکی پاکردنەوە لەژێر ناونیشانی (هەڵمەتی پاککردنەوەی چیاکانی کوردستان) لە بناری چیای هەندرێن (غاباتی ڕواندز) لە لایەن فیدراسیۆنی شاخەوانانی کوردستان و تۆڕی شاخەوانانی کوردستان ئەنجام درا.
لە هەڵمەتەکەدا هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەند وتەیەکی پێشکەش بە ژینگەدۆستان کرد و گوتی: ژینگەی ئەم شوێنە زۆر پیسکراوە، پێویستە هاوڵاتیان لەکاتی سەردانیکردنیان بۆ ئەم شوێنانە ژینگە بپارێزن، چونکە بۆ خێزانێک ئاسانترە کەوا پاشماوەی زبڵ و خاشاکەکانیان کۆبکەنەوە و فڕێی بدەن، بەڵام کاتێک بەجێدەهێڵن، بۆ ژینگەدۆستان و شارەوانی زۆر ئەستەم دەبێت جارێکی تر هەموو ئەو زبڵ و خاشاکە لەنێو دار و دارستانەکان کۆبکەنەوە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی، پاراستنی ژینگە و سروشت تەنیا ئەرکی لایەنی پەیوەندیدار نیە، بەڵکو هەر تاکێکی کۆمەڵگە دەبێت ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرێت، بۆیە پێویستە میکانیزمێک دابنرێت بۆ ئەوەی ئەو هاوڵاتیانەی سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن بۆ گەشت و سەیران، زبڵ و پاشماوەکانیان لەدوای خۆیان کۆبکەنەوە و فڕێی بدەن.
لە کۆتاییدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سوپاسی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان و تۆڕی شاخەوانیی کوردستانی کرد، لەبەرمبەر ئەنجامدان و دەستپێکردنی هەڵمەتی پاککردنەوەی چیاکانی کوردستان بەتایبەت چیاکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.