مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەپێی ڕاپۆرتێكی گۆڤاری میدل ئیست ئای بەریتانی، پەكەكە لە قەندیل كارگەی دروستكردنی درۆنی خۆكوژی داناوە و تەكتیكی بەرەكانی شەڕی خۆی گۆڕیوە، هاوكات سەرچاوەیەكی شارەزایی سەربازی لە توركیا ڕاگەیاند “كارەكانی پەرەپێدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ( FPV ) ی پەكەكە، بە زانیاری و كەرەستەی چەندین وڵات پشتگیری دەكرێت.”
گۆڤارەكە ئاماژەی بەوە كردووە، توركیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی خۆی دژ بە پەكەكە دەستپێكردووە و لەبەرامبەردا پەكەكە ستراتیژی نوێ دەگرنە بەر، وەك بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی FPV بۆ بەرگریكردن لە خۆی.
دەشڵێت “پەكەكە لە مانگی ڕابردوودا، هێزەكانی سوپای توركیای لە خاكی هەرێم، بە 17 درۆنی خۆكوژی FPV ی كردووەتە ئامانج.”
هاوكات سوپای توركیا لەمبارەوە ڕاگەیاند كە هێرشی درۆنەكان جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.
لە ڕاپۆرتەكەی (میدل ئیست ئای) هاتووە “پەكەكە بە بەكارهێنانی پەیوەندی نێودەوڵەتی و كەناڵە پاڵپشتییە دارایییەكانی خۆی، لە قەندیل كارگەی وەبەرهێنان و دروستكردنی ئەو جۆرە درۆنەی كردووەتەوە.”
ئاشكراشی دەكات “پەكەكە بەشە جیاجیاكانی ئەو درۆنانە لە وڵات گەلێكی وەكوو ئۆكراینا، ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، جۆرجیا و ئێران و چەند وڵاتی دیكە دابین دەكات و تەكنۆلۆژیاكەش لە چین.”
بازرگانێكی چەك لە عێراق، كە ناوی ئاشكرا نەكراوە بە گۆڤارەكەی ڕاگەیاندووە “ئەم ئامادەكارییانەی پەكەكە نزیكەی ساڵێكە بەردەوامن و لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی بەرزكردنەوەی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی لە چین و وڵاتانی جۆراوجۆری دیكە دەدات بە زیادكردنی سیستەمی سیگناڵ و وەرگر، جگە لەوەش بەنیازە لاشەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و بزوێنەری تایبەت بە خۆی بەرهەم بهێنێت.”
شارەزایەكی پیشەسازی بەرگری توركیا ڕاگەیاند “پەكەكە ئامانجی تەكتیكییان هەیە وەك لێدانی كۆگاكانی تەقەمەنی لە نزیك پێگەی تۆپخانەكانی توركیا یان لێدانی تانكێك كە لە ناوچەیەكی بنكەدا چەسپاوە بە تەقەمەنی زرێپۆش كونكەر،”
دەشڵێت “پەكەكە كار دەكات بۆ باشتركردنی كوالێتی گواستنەوەی زانیارییەكان، زیادكردنی توانای مەودای فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانیFPV، و بەرزكردنەوەی وردبینی شوێنپێ هەڵگرتن و لێدان لەڕێگەی بەدەستهێنانی ئەنتێنە و تێرمیناڵی داتا، لە وانەشە دەستی بەو تەقەمەنییانە بگات كە لەلایەن ئۆكراینا پەرەی پێدراوە.”
باڵیۆزخانەی ئۆكراینا لە ئەنقەرە پێنجشەممەی ڕابردوو لە ڕاگەیاندراێكدا ڕەتی كردەوە كە بازاڕی ئۆكراینا بۆ دابینكردنی پارچەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ پەكەكە بەكار هاتبێت و دەڵێت “ئێمە جەخت لەوە دەكەینەوە كە ئۆكراینا هیچ بەرژەوەندییەكی لە دابینكردنی فڕۆكەی بێ سەرنشین بۆ پەكەكە نییە و ئەو ئیدیعایانەی لە مادەكاندا هەیە بە بەڵگەی ڕاستەقینە پشتگیری ناكرێن و سەرچاوەی متمانە پێكراویش ناهێننەوە.”
ڕادەگەیەنێت “ئەم جۆرە تۆمەتانە لە پڕوپاگەندەی ڕووسیا بە دوور نییە، بۆ ئەوەی زیان بە پەیوەندییەكانی توركیا و ئۆكراینا بگەیەنن.”
پسپۆڕەكەی پیشەسازی بەرگری توركیا هۆشداری بە سوپای وڵاتەكەی دەدات و دەڵێت “وەبەرهێنانی پەكەكە لەم تەكنۆلۆژیایەدا و ڕاهێنانی چەكدارەكانی، مەترسییەكی بەرچاو بۆ سەر هێزە ئەمنییەكانی توركیا دروست دەكات.”
هەر بە پێی ڕاپۆرتەكە، پەكەكە تەنیا بە دروستكردنی درۆن نەوەستاوە، بەڵكوو توانیویەتی جیهازاتی سووكی ڕاداریش دەست بخات و خەریكی تەیاركردنی خۆی، بە ئامێری كۆنترۆڵی ورد و شوێنگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی بنكەكانی توركیا لە خاكی هەرێم.