شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی ڕاهێنەرە توانا عەقڵییەكان، دەڵێت” زۆربەی زۆری خەڵك وا هەست دەكەن ناتوانن خووەكانیان بگۆڕن.
د. خاڵس قادر، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و ڕاهێنەری توانا عەقڵییەكان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” ئەوانەی وا هەست دەكەن خووەكان دەرمانیان نییە و ناگۆڕدرێن، ئەوە باوەڕێكی هەڵەیە لەناو عەقڵی كۆمەڵگەدا جێگیر كراوە، چونكە هەموومان دەتوانین بیگۆڕین، چۆن خوویەكی نەویستراو بگۆڕین؟ ڕەفتار كارێكی قورس نییە بەڵام زۆرجار بەهەڵە بەخۆمان دەڵێین” ئەمە كارێكی ئەستەمە و ناگۆڕدرێت، بۆیە ئەو بەربەستە لەلامان دروستبووە و كارەكەمان لەخۆمان قورس كردووە.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” ڕەفتار بیرۆكەیەكە لە عەقڵدا جێگیربووە، دەكرێت بگۆڕدرێت و بە بیرۆكەیەكی تر جێگای پڕ بكرێتەوە، گۆڕینی خوو، كارێكی ئاسانە بەردەوام لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئەنجامی دەدەین، بۆ نمونە گۆڕینی كاتەكانی نوستن و لەخەو هەستان، جۆرەكانی خواردن، پابەندبوون بە ژوان، ئەوانە هەمووی خوون، دەتوانین بیانگۆڕین بۆ باش یان خراپ، گۆڕانكاریەكە لەدەستی خۆمانە و دەتوانین ئەنجامی بدەین.
دئاشكراشیكرد” دوای باوەڕ بە توانای گۆڕین، چەندین پرسیار دروست دەبن ئەوانیش، ئایا خۆت دەتەوێت، ڕەفتارەكە بگۆڕیت یان نا؟ ئەگەر نەتەوێت ئەوا ئەستەمە بگۆڕدرێت، بۆچی دەتەوێت بیگۆڕیت ؟ چۆن بیگۆڕیت و چی بكەیت؟ هەموو ئەمانە پەیوەندی بە خودی كەسەكەوە هەیە كەواتە پێویستە سەرەتا بیەوێت ئەم كارە ئەنجام بدات و دەشتوانێت ئەگەر یارمەتی خۆی بدات.