وەرزش – زاری کرمانجی:
پاسکال ڤیێری، سەرۆکی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ لەبارەی دابەشکردنی خەڵاتەکە کۆمەڵێک نهێنی لەبارەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ڕیال مەدرید، و لیۆ مێسی براوەی زۆرترین تۆپی زێڕین ئاشکرا دەکات.
پاسکال، سەبارەت بە بردنەوەی باڵۆن دۆر لەلایەن یاریزانانی ڕیال مەدریدەوە دەڵێت:” پێرێز، دەزانێت چۆن هەڵمەتی ڕێکلام بۆ یاریزانەکانی ڕێک بخات بۆ ئەوەی خەڵاتی تۆپی زێڕین بەدەست بهێنن. ئەم هەڵمەتانە لەلایەن پێرێزەوە بە باشی ڕێکخراون و یاسایین. ئەوان پشت بە میکانیزمێکی بەهێزی سەرکەوتن دەبەستن بۆ یاریزانەکانیان، ئەویش ئەوەیە کە پاڵپشتی یەک یاریزان دەکەن. ساڵانێک پاڵپشتی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆیان دەکرد و ئێستاش پاڵپشتی کەریم بێنزیما دەکەن.”
ئەم گوتانەی ڤیێری، لە دەمێکدان کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە براوەی تۆپی زێڕینی 2022 ئاشکرا بکرێت، و کەریم بێنزیماش بەهێزترین پاڵێوراوە.
سەرۆکی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، دێتە سەر باسی مێسی و ستایشی ئەو یاریزانە ئارجێنیتینیە دەکات.
پاسکال دەڵێت:” کاتێک مێسی خەڵاتی باڵۆندۆری ساڵی 2019ی بە دەست هێنا، پێی گوتم کە هەست و خۆشی بردنەوەی خەڵاتەکەی لە یاد نەماوە.”
دەشڵێت:” قورسە یاریزانێک بتوانێت ژمارەی تۆپە زێڕینەکانی مێسی، یەکسان بکاتەوە. “
لە 17ی ئۆکتۆبەر کە دەکاتە دووشەممە، لە ئاهەنگێکدا ناوی براوەی تۆپی زێڕین دێتە ئاشکرا کردن. لیۆ مێسی، خاوەنی ڕیکۆردە و 7 جار ئەو خەڵاتە تاکە کەسییەی بردووەتەوە