شەهلا ڕەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، لەبارەی خواردنی میوەكان، چەند زانیاریەك دەخاتەڕوو دەشڵێت” پسپۆڕەكان كۆكن لەسەر ئەوەی لە هەندێك كاتدا خواردنی گونجاو نییە.
د. كامەران ڕەسوڵ، پزیشكێكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” هەرچەندە میوە هەر كاتێك بخۆیت سوودی هەیە، بەڵام زۆربەی پسپۆڕەكان لە سەر ئەوە كۆكن كاتی خواردنیان گرنگە، لەم خاڵانەی خوارەوە ئاماژە بە كاتەكانی خواردنی میوە دەكەین، لەوانەش:
- باشترین كات بۆ خواردنی میوە بریتیە لە دوو كاتژمێر یاخود زیاتر پێش یان دوای ژەمە سەركییەكان، بۆ نموونە كاتژمێر 10ی بەیانی، 3ی ئێوارە و 9ی شەو، چونكە ئەو كاتانە جەستە پێویستی بە وزە و خۆراك هەیە و مرۆڤ هەست بە برسێتی و بێهێزی دەكات .
- دوای خواردنی ژەمەكان ڕاستەوخۆ نابێ میوە بخۆیت، ڕەنگە ببێتە هۆی ئاوسانی سك و دڵەكزێ .
- نابێ لەگەڵ ژەمە سەرەكییەكان میوە بخۆیت، چونكە مرۆڤ بێ ئەوەی هەستی پێبكات بڕێكی زیاتر كالۆری دەچێتە جەستەی و دەبێتە هۆی زۆری كێش و قەڵەوی .
- شەوان دوو كاتژمێر باشترە هیچ نەخۆیت، بەڵام ئەگەر كەسەك زۆر برسی بوو یان حەزی لە شیرینی بوو دەكرێت پارچەیەك كێوی یان لالەنگی یاخود نیو هەنار بخوات، لە كیتۆ دایتیش سێ دەنك شلیك یاخود بلوبێری یانیش پارچەیەك ئاڤوكادۆ بخوات.
- میوەی وشكراو بڕێكی زیاتر وزەی تێدایە و خواردنی دروست نییە بۆ كەسانێك نەخۆشی كە شەكرەیان هەیە، قەڵەون یاخود لە كاتی ڕێجیم گرتن دانە.