وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند” تورکیا بوونی هێزەكانیان لەناو خاكی عێراق دەبەستنەوە بە بوونی پەكەكەوە و عێراق لەوبارەیەوە هیچ گڵۆپێكی سەوزی بۆ توركەكان هەڵنەکردووە”.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (ئەلحوڕە) باسی لە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لەناو خاكی هەرێم دەکات و دەڵێت” عێراق لەوبارەیەوە هیچ گڵۆپێكی سەوزی بۆ توركەكان هەڵنەکردووە، پرسی بونی سوپای توركیا لەنێو خاكی عێراق، یەكێكە لەو خاڵانەی كە بەم نزیكانە لە كۆبونەوەكاندا لەگەڵ بەرپرسانی توركیا تاوتوێ دەكرێت”.
فواد حسێن جەختیشی كردۆتەوە ” لە گفتوگۆكاندا لەگەڵ لایەنی توركی تا ئێستا نەگەیشتوینەتە رێككەوتن لەبارەی دۆسیەی ئەمنییەوە”.
وەزیری دەرەوەی عێراق زیاتر گووتی “تورکیا بوونی هێزەكانیان لەناو خاكی عێراق دەبەستنەوە بە بوونی پەكەكەوە و كێشەی پەكەكە كە كێشەیەكی توركییە، ئێستا بۆتە كێشەیەكی عێراقییش، بۆیە دەبێت بەڕێگەی عێراقیانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت”.
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد ” عێراق باوەڕی بە چارەسەركردنی كێشەكان بەڕێگەی تووندوتیژیی نییە، و لەگەڵ لایەنی ئێران گەیشتینە كۆمەڵێك رێككەوتن لە پەیوەست بە حزبە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە لە هەرێم، دەكرێت هەمان شێواز لەگەڵ توركیاو پەكەكە بەكاربهێنرێت”.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا گووتی” دوێنێ چوارشەممە لە واشنتۆن چاوی بە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا كەوتوە لەپێناو رێكخستنی دیدارێك لە بەغدا بۆ لایەنی توركی و سوری، و پێموایە ئەگەر بەهۆی نێوەندگیرییەكەی عێراقەوە لایەنی توركی و سوری بگەنە ئەنجامی گرنگ و چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەی ئاشتی و گفتوگۆ نەك لەڕێگەی چارەسەری سەربازییەوە، ئەوا سەركەوتنی ئەو نێوەندگیرییە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر عێراق دەبێت”.