سەرۆککۆماری تورکیا لە وەڵامی رۆژنامەواناندا ئاماژەی بە شاری سلێمانیدا و گووتی ” تا ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی مەودایەک لەنێوان خۆیان و پەکەکە دانەنێن، هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر سلێمانی بەدی نایەت”.
ئەم قسانەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوای تەواوبوونی لووتکەی ناتۆ لە ئەمریکا و لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ وڵاتەکەی لەنێو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە، و رایگەیاند” لە کاتی سەردانەکەی مانگی نیساندا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، تاوەکو ئەو کاتەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی مەودایەک لەنێوان خۆیان و پەکەکە دانەنێن، هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر سلێمانی بەدی نایەت. گەمارۆکانیشمان بۆ ئاسمانی سلێمانی بەردەوام دەبن”.
سەرۆککۆماری تورکیا هەر لەو بارەیەوە وتیشی “پێمان وتوون کە پێویستە سلێمانی هەندێک هەنگاو بنێت، ئەو کات هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستەکەمان دەکەین. تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە”.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی لە مانگی نیساندا بۆ بەغدا ئەرێنی بووە، بە هۆکاری ئەوەی ” بۆ یەکەمجار لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکەدا هەنگاوی بەرجەستەکراومان لە گۆڕەپاندا بینی. ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پەکەکەی بە رێکخراوی قەدەخەکراو و چالاکییەکانیشی بە هەمان شێوە بە قەدەخەکراو ناساند. ئێستاش رەنگدانەوەی ئەوە لە گۆڕەپاندا دەبینین”.