موڕشید برادۆستی – سۆران :
ماوەیەکە گەشتوگوزاری سۆران کراوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی، زاری کرمانجی زانیاری لە بارەی کار و پرۆژەی گەشتیاری دەخاتە ڕوو .
بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیى و هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری ناوچەی گەشتیاری، ساڵانە هاووڵاتییان لە ناوچە جیا جیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێكى خۆش، ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەرەکە دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 30 % ی ناوچە گەشتیارەکانی عێراق و کوردستان و هەروەها 80 %ی ناوچە گەشتیارەکانی هەموو پارێزگای هەولێر پێک دەهێنێت .
بارزان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” دوای هێنانە کایەیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سۆران، ڕای کردن و دەرهێنانی مۆڵەتی گەشتی لێرە ئەنجام دەدرێت، تیمەکانمان چاودێری شوێنەکان دەکەن، ئەوانەی پێشتر بە هەر هۆکارێک بێت مۆڵەتی نەبووبێت، سەردانمان بکات و بەپێی ڕێنوێنییەکان مۆڵەتی پێ بدەین .
بەڕێوەبەری گشتى گەشتوگوزاری سۆران، دەڵێت:” لە ئێستادا ڕۆتینیات زۆر کەمتر بووەتەوە، دوای پێشکەشکردنی داواکاری لە ماوەیەکی نزیکدا خاوەن پرۆژە و شوێنە گەشتیارییەکان بە ئاسانی دەبنە خاوەنی مۆڵەتی گەشتیاری .
گووتیشی:” بەهۆی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی، لەمەودوا داهاتی گەشتیاری سنووری ئیدارەی سۆران ناگەڕێتەوە هەولێر، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەرەو پێشەوە بردنی کەرتی گەشتیاری لەم سنوورە، لە ئێستاشدا چەند پرۆژەیەکی گەشتیاری گرنگ و ستراتیژی بە نیازن جێبەجێ بکرێن، سەرقاڵی دەرهێنانی مۆڵەتن و لە داهاتوو دەچنە واری جێبەجێ کردن”.