سەردەمی تەکنۆلۆژیا
فەهد كەریم
لە دنیای پێشکەوتووی ئێستاماندا، زانست بەجۆرێک هەنگاوی ناوە، هەر شێوەژیان و ئامرازەکانی نەگۆڕیوە، بەڵکو سەرلەنوێ مانای بەخشیوەتەوە سەرجەم فۆرم پنت و پێکهاتەکانی، هەر لە دیزاینی جل وبەرگ تا دەگاتە زانستەکانی بەڕێوەبردن و ئابوری و سەربازی و پزیشکی و… بۆ وشە و زمان و نیشتیمان و سنوور و جوگرافیا… بەرەو ئاست و پێگەی مەعنەوی وکەلتور و پەرەوەردی کۆمەڵایەتی و سیاسی…لەسایەیدا شێوە و مانای تازەی وەرگرتوە.
ئەم هەموو گۆڕان و پێشوەچوونە بەجۆرێک ئاستبەرزن، جێگای ستایشن لەئاست هەوڵەکانی مرۆڤدا، تەنها لەو جۆرە کۆمەڵگایە چەقبەستوویی وەهمگەرایانەدا نەبێ کە بەداتاشینی هەندێ بیانوی بێبنەما و بەهەندێک وشەی لەرزۆک تانەی لێدەدرێ! وەک ئەو ساڵانەی کە سەتەلایەت کەوتە بازاڕ گروپێک بە بەڵا و نێردراوی کافر وەسفیان دەکرد، بەشێکیتر بەستایشەوە، دەیانگوت نەخێر! بەدەست خۆتە و دەتوانی قەناتە سعودیەکان بە راستەوخۆ ببینی! ئەمە بۆ سەردەمی هاتنی مۆبایل و دواتر بڵاوبونەوەی ئینتەرنێت و هەروەها پێگە و پلاتفۆرمەکانیش هەمان چیرۆکە، کە دواجار چونە ژێر باری ئەو پێشکەوتنانەیە، بەڵام چۆن و کارەساتەکە لەچیدایە؟
وێڕای فرەلایەن و دیوەجیاوازەکانی، ئەوەی من دەمەوێ لە چوارچێوەی (تەکنۆلۆژیا) سەرنجی خۆمی لەسەر چڕکەمەوە، سۆشیاڵ میدیایە. ئەو فۆرمە تازە و ناوازە کۆمەڵایەتی و فرە ڕەهەندەیە کە هەم پەروەردەی لەخۆگرتووە، وەک فەرهەنگ و کەلتور، هەمدیس ئاڕاستە و بەرهەمهێنانێکی نادروستی گرتوە بە جۆرێک کوێخا و مەرجەعیشی لەغیابی رۆشەنبیری و بیرکردنەوەیەکی دروستدا بەرهەم هێناوە. ئەم ڕەهەندانە، کە گرێدراو و درێژکراوەی سیاسەتی سەرمایەدارین، کاڵفامی لە بەکارهێنانیدا بۆتە گرفتێکی گەورە، بەتایبەت لەکۆمەڵگای ئێمە و هاوشێوە دواکەوتووەکانیدا، چۆن؟
کۆمەڵێک بەناو بانگبێژانی کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئایدۆلۆژیستە کۆنەکان، کە هەڵگری پەیامی دژایەتین لە بنەڕەتدا، توانیویانە بیکەنە سەکۆیەکی گونجاو ودەرفەتی باش لەبەکارهێنانی وەربگرن و بەکاربەرانیشی کە لەئاستێکی سەرەتاییدان، فریودەخۆن و بەئاسانی لەخشتەیان دەبەن و دەبنە کاڵای خاو. ئەم کاریگەرییە زۆر بەڕوونی دەرەکەوێت کاتێک هەرزەکارێک بەناوی نەسیحەتکار دێت و دەیان و ڤیدیۆ و هەزاران هەوادار لەدەوری کۆدەکاتەوە، دواتر دەبێتە کاندیدی پەڕلەمان و بزنسمان! لەلایەکی تر بازرگانێک بەناوی پیرۆزییەکانەوە دێت هەستی خەڵک بەلای خۆیدا ڕادەکێشێ بەهەندێک پەیامی سواو؟ بەستەزمانێکیتر کەتوانای بیرکردنەوە و نوسینی یەک کۆمێنتی نیە، لەقاڵبی خۆی دەرەچێ و خۆی وەک سوپەرمان دێتەبەرچاو بەندێک یان گۆرانییەکی شەوانە دەخاتە سەر وێنەی چایخانەیەک و لێی دەبێتە کۆشکی تەشریفاتی سوڵتانی!
ئەوانەی لەهەمووی ترسناکترن، ئەو مێگەلەیە چاوەڕوانی کارخانەی جنێو دەکەن بۆ ئەو تێکستانەی لێیەوە بەرهەمدێن و بەڕیزکۆپی پەیست دەکەن و لە پەیج و ئەکاونتە قورمیشکراوەکانیان پۆستدەکەن و، وەک ماکینە دەکەونە هەڕەشە و شکاندنی شکۆی یەکتر! چاوەڕوانی فیکەیەکن ئایا ببنە پەرچەکردار یان ستایشکار (بۆنمونە دادگای فیدرڵی، جارێک بە مێگەل ریسوای دەکرد و، هەمان مێگەل جاری دووەم ستایشی کرد)!
ئەمانە بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان نین، بەڵکو ئەمانە بەکارهێنراو و داشی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن، ئەمانە لە کەرستەیەک دەچن نەوەک لە مرۆڤ، ئەوجۆرە بونەوەرانە هەر سواری سەریخۆیان نەبوونە، بەڵکو وەک حەشامات بونەتە هۆکاری بەدبەختی ئەوانیتر.
ئەگەر بمانەوێ کەرامەت و ژیان و دۆخێکی شایستە و وڵاتێکی جوانمان هەبێت، دەبێ چیتر مێگەلئاسا بەدوای پەیام و دروشمی سەدان ساڵەی سواو بێبنەما نەکەوین، بینەری جنێوفرۆش و گاڵتەجاری نەبین، دەبێ نەفرەت لە جیاوازی و لە ڕێچکەی بەقەشمەرکردن بگرین، دەبێ دەستبەرداری دنیای وەهم و خەیاڵی بەڵێنەکان بین، چیتر باوەڕبە وەهمی (ئەو هەڕەشەی لەسەرمانە و خەتای هەموو دنیایە بەس ئێمە نەبێ) بەڵکو بۆ جارێکیش بێت بپرسین ئێمە ئەم باجەی دەدەین لەپای چی، باجی خۆمان یان کەسانێکی ترە بەسەرمان سەپێنراوە؟ قوربانیدان تاکەی و لەپێناو چی؟ لەپێناو ئەمەی ئێستای بەرهەمهێناوە؟ یاخود ئێمە فریومانخواردوە!
بۆیە تا پەنجە نەخەینەسەر هەڵەکان و نەپرسین، هەرگیز ئەم باری ژیان و دۆخە چەقبەستوە ناگۆڕێ؟