زارى كرمانجى – سۆران :
سەركردەیەكی سوننەی عێراقی لە هەڤپەیڤینێكی تەلەڤزیۆنیدا سەرۆك بارزانی بە سەڵاحەدینی ئێستای كوردان و نوێنەری سوننەكان ناو دەبات و پێی وایە كە تاكە سەركردەیە بتوانێت نوێنەرایەتیی هەموو سوننەی عێراقی بكات، ئەو سەركردەیە باس لە دوا سەردانی سەرۆك بارزانی دەكات بۆ بەغدا و دەڵێ “ئەو پێشوازییەیی لە سەرۆك بارزانی كرا، زۆر لە پێشوازییەكەی ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا گەورەتر و گرنگتر بوو.
عەبدوڵڵا خەربیت، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركردەی دیاری سوننەكان، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی “ئای نیوز”ی عێراقی، ئاماژەی بە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی كرد و دەڵێ “دوایین سەردانی كاك مەسعوود بۆ بەغدا، هەرگیز وەكوو سەردانی ئەردۆغان نییە، چونكە سەردانەكەی ئەردۆغان لەسەر هەندێك ڕێككەوتنی عێراقیی توركیی بوو و هیچ شتێكی سیاسییان باس نەكرد. بەڵام سەردانی كاك مەسعوود زۆر جیا بوو. ئەگەر سەرۆك بارزانی هەر ئەوەندەی لەبەر كامێرا دەربكەوێت و ڕووی قسە لە جەماوەری سوننە بكات، گوتەكانی زۆر بەهێزتر و كاریگەرترە لە گوتەی هەموو سەركردە سوننەكانی خۆمان.”
خەربیت لە بەشێكی تری دیمانەكەدا باس لە سەردەمی شەڕی داعش دەكات كە هیچ شوێنێك بۆ سوونەكان نەمابوو، كەچی لەو كاتەدا سەرۆك بارزانی بە هانایەوە دەچێت و داڵدەیان دەدات “پێویستە بیرمان نەچێت، لە ماوەی شەو و ڕۆژێكدا (مەبەستی سەردەمی داعشە) سوننەكان هیچ شوێنێكیان نەمابوو، تەنیا كاك مەسعوودمان هەبوو داڵدەی هەموومانی دا. ئەو پاڵەوانی ڕاستیی ڕزگاركردنی سوننەی عێراقە لەدەست ئەو پیلانەی بۆی داڕێژرابوو. خانەوادەی هەموومان لە مووسڵ، سەڵاحەدین، ئەنبار و هەموو شارە سوننییەكانمان كە داگیر كرا، تەنیا ڕوویان لە سەرۆك بارزانی كرد.”
عەبدوڵڵا خەربیت، بە ڕاشكاوی دەڵێ “كۆمەڵگەی ئێمەی سوننە، تەنیا لە سەرۆك بارزانیدا سەركردە و نوێنەرایەتیی ڕاست دەبینن.”
لە وەڵامی پێشكەشكارەكە كە لێ دەپرسێت، واتە كاك مەسعوود سەركردەی كورد و سوننەشە ؟ خەربیت دەڵێ “پێشتر سەركردەی ئێمە سەڵاحەدینی ئەیووبی بوو، ئێستا با سەرۆك بارزانی سەركردەمان بێت. ئێمە ئیمامە ئایینییەكانیشمان كوردن وەكوو ئیبن تەیمییە. دوو سەت ساڵە موفتی عێراق كوردە و قبووڵیشمان كردووە، چونكە كورد ئەم لاو لا نازانێت، كە گوتی نا، واتە نا. ئەمەش ئێستا تەنیا لە سەرۆك بارزانیدا هەیە.”
































































