مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دادگای كەرخ، بە تۆمەتی دەستبەسەركردن و بازرگانیكردن بە كچان و ژنانی ئێزدی، سزای لەسێدارەدانی بۆ هاوژینی ئەبووبەكر بەغدادی، سەركردەی كوژراوی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دەركرد .
ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای داد لە عێراق ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت “ژنەكەی بەغدادی سەرپەرشتی گرتن و ئاڵوگۆڕ پێكردن و بازرگانی پێكردنی كچ و ژنانی ئێزدیی بووە بۆ چەكدارانی داعش،”
دەشڵێت “بەپێی ماددەی چوارەم، بڕگەی یەك و ماددەكانی 1 و 3 لە یاسای بنبڕكردنی تیرۆر و بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی 7 لە یاسای ڕزگاربووانی ئێزدییەكان، سزاكە بۆ ژنەكەی بەغدادی دەركراوە و سزاكەشی لەسێدارەدانە.”
ئەسما محەممەد خێزانی ئەبوو بەكر بەغدادی، پێشتر لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی ددانی بە تاوانەكانی دانا كە لە ماڵەكەی خۆیدا چی بەسەر كچ و ژنانی ئێزدیی هێناوە.