“ئەمریكا ئاگاداری ئەم شەڕەیە”
” هەماهەنگییەكی تەواو لەنێوان بەغداو ئەنكەرە هەیە”
بە بیانووی بوونی هێزەكانی پەكەكە لە نێو خاكی هەرێمی كوردستان، توركیا چەندین ساڵە ناوچە جیاكانی هەرێمی كوردستان تۆپباران و بۆردوومان دەكات، لەم نێوەندەشدا زۆرترین بەریەك كەوتن و بۆردروومانەكان كەوتوونەتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی سڤیل بوونەتە قوربانی، هەروەها دەیان گوندیش بەهۆی بوونی چەكدارانی پەكەكە چۆڵكراون زۆربەشیان لە دوای راپەڕینەوە تا ئێستا ئاوەدان نەكراونەتەوە.
چاوەگەكانی هەواڵی لە چەند رۆژی رابردوو بڵاویان كردەوە” توركیا هێزێكی زۆری سەربازی دێنێتە سنووری قەندیل و ئەگەری پێكدادانی سەخت لەو ناوچانە هەیە، كە گومانی بوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكەی لێنە”.
بەپێی پێشبینییەكان و جموجۆڵە سەربازییەكان كاتی رووبەڕوو بوونەوەی شەڕی نێوان هێزەكانی توركیا و پەكەكە نزیك بووەتەوە، بە تایبەتی كە شەوی رابردوو، گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی زانیاریی گرنگی لەبارەی لەشكركێشیەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد و گووتی “ئاگاداری مەترسییەكانی پەكەكەین، بەڵام پێویستە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیاش بەهەماهەنگی عێراق بێت”.
زیاتر روونیكردەوە ” ئاگاداریی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیاین”.
ئەم گووتانەی ماتیۆ میلەر ئاماژەن بۆ نزیك بوونەوەی ئەو جەنگە، بە تایبەتی كە گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەكۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەكەدا روونیكردەوە “ئێمە داوامان لەتوركیا كردووە ئۆپەراسیۆنەكانی دژی پەكەكە بەهەماهەنگی بێت لەگەڵ دەسەڵاتدارنی هەرێم و بەرپرسانی عێراق تا كەمترین زیان بەر خەڵكی سڤیل لەهەرێمی كوردستان بكەوێت”.
میلەر زیاتر بۆ كەناڵەكان دواو و گووتی” ئێمە وەك ئەمریكا هەست بەو نیگەرانی و هەڕەشانە دەكەین كە پەكەكە لەناوچە سنورییەكانی توركیاو عێراق دروستیكردوون، بەڵام، جەخت لەوەدەكەینەوە پێویستە ئۆپەراسیۆنەكان بەهەماهەنگی بكرێن بۆ ئەوەی گیانی خەڵكی سڤیل بپارێزرێت”.
لەلایەكی دیكەشەوە سەبارەت بەئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لەدژی پەكەكە لەنێو خاكی عێراق، ئیبراهیم سومەیدعی ڕاوێژكاری سەربازیی محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو” هەماهەنگییەكی تەواو لەنێوان بەغداو ئەنكەرە هەیە بۆ دەسپێكردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە سەربازییەكانی سوپای توركیا لەناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان”.
لەئەگەری سەر هەڵدانی ئەم پێكدادانە پێشبینی دەكرێت لە سنووری قەزای سیدەكان، مێرگەسۆر، چۆمان و بەشێكی قەزای رواندزیش پێكدادن رووبدەن، بەڵام شەڕە سەرەكییەكە لە قەندیل دەبێت، بەهۆی ئەوەی ناوچەیەكی ستراتیژی و هەستیارە و دەزگاكانی هەواڵگری سەربازی توركیا چیای قەندیلیان بە ناوەندی سەركردایەتی پەكەكە ناوزەد كردووە.